کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە گوشارخستنەسەر بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بەردەوامە

17:17 - 20 سەرماوەز 2723

موعید ساعدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ و برای سارینا ساعدی، لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە سنە، بانگی لقی ١٠٨ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، موعید ساعدی لەسەر سکاڵای دادسەرای گشتی و ئینقلاب و دادستانی سنە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم بانگهێشتی لقی ١٠٨ی دادگای کەیفەری ٢ی سنە کراوە و بڕیار بووە ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، لەم لقە ئامادە بێت.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی خەرمانان، موعید ساعدی، لەگەڵ پووری خۆی بە ناوی ڕێزان ساعدی تەمەن ١٧ ساڵ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

هێزەکانی ڕێژیم ئەم دوو مێرمنداڵەیان لەکاتی هەڵگرتنەوەی فیلم لە بەهەشتی محەممەدی سنە دەسبەسەر کردبوو کە پاش لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سارینا ساعدی، تەمەن ١٦ ساڵ و کچی هاشم، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەردا بە هۆی لێدانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە باتوم لەسەری تووشی خوێنڕێژیی مێشک ببوو، پاش ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.