کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکردنی حوکمی ٥٤١ ساڵ زیندان و لێدانی ٥٧٧ قامچی بۆ چالاکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا

17:21 - 20 سەرماوەز 2723

ڕۆژی شەممە، ١٨ی سەرماوەز، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕاپۆرتێکی وردی   سەبارەت بە دەرکردنی سزای لانیکەم ٥٤١ ساڵ زیندانی و لێدانی ٥٧٧ قامچی لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ زیاتر لە ١٥٠ چالاکی مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا، بڵاوکردەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە بەشێکی زۆر لە چالاکوانان، لەوانە پارێزەران، مامۆستایان، چالاکانی بواری ژینگە، چالاکانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی کرێکاری و هونەرمەندان و هەروەها بنەماڵە مافخوازەکان کراوە کە لەپێناو بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ لە ئێراندا سەرکوت کراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەم ڕاپۆرتە تەنیا بە بەشێک لە دۆخی خراپی پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەزانێت و داوای پشتیوانیی زیاتری کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە چالاکانی ئێرانی کردووە.

ڕاپۆرتەکە باس لە سزا تۆمارکراوەکان بۆ سەر ئەو پارێزەرانەی مافی مرۆڤ دەکات وا لە سەرەتای دێسامبری ساڵی ٢٠٢٢ زایینی تا دێسامبری ٢٠٢٣ دەسبەسەر و بەرەوڕووی دۆسییەی دادوەری بوونەتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە لەکاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە  ئەمریکا و بەرپرسانی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ و هەواڵنێرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام سەبارەت بە دۆخی خراپی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران هۆشداری دەدەن و پێشێلکردنی بەردەوامی مافی هاووڵاتییانی ئێرانی  لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم دەکەن.