کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا هیجری: بزووتنەوەی ژینا بە پێشەنگایەتیی ژنان، گرێدراوی خەبات لەپێناوی ئازادی، یەکسانی، بەختەوەری و کەرامەتی تاک و کۆیە

09:42 - 21 سەرماوەز 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی سەرماوەز، کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا، پیرۆزبایی بەخشرانی خەڵاتی ساخارۆفی لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی،  بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرد.

دەقەی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەخشینی خەڵاتی ساخارۆف بۆ ئازادیی بیرکردنەوە بە ژینا ئەمینی، کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بووە بە ڕەمزی خەبات لەپێناو ئازادی، هەواڵێکی دڵخۆشکەر و دەستکەوتێکی پڕبایەخە.

پێشکەشکردنی ئەم خەڵاتە لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە بە ژینا ئەمینی، ئاماژەیە بۆ کاریگەریی بزووتنەوەی ژینا و بەها بەرزەکانی ئەم بزووتنەوەیە کە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، خەباتی ئازادیخوازیی لە ئێراندا بەرەو قۆناغێکی چارەنووسساز بردووە.

بزووتنەوەی ژینا کە بە پێشەنگایەتیی ژنان لە بەستێنی کۆمەڵگەی کوردستانەوە سەری هەڵدا و دواتر بەشەکانی دیکەی ئێران و تەنانەت جیهانی دەرەوەی تەنییەوە، گرێدراوی خەبات لەپێناوی ئازادی، یەکسانی، بەختەوەری و کەرامەتی تاک و کۆیە.

بەخشینی ئەم خەڵاتە وەک هەوڵێکی شایان بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی کۆمەڵگەی کوردستان، نەتەوە بندەستەکان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران لەپێناو ڕزگاری و سەربەستی دەزانین.

بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە بنەماڵەی سەربەرزی ژینا ئەمینی و سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی بزووتنەوەی ژینا و تێکڕای ئازادیخوازانی کوردستان و ئێران دەکەم.

 

مستەفا هیجری

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی