کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆ سەر دوو خوێندنگەی ئایینی لە زاهیدان و دەسبەسەرکردنی ٢٥٣ خوێندکاری بەلووچ

16:20 - 21 سەرماوەز 2723

هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بە هێرشکردنە سەر دوو خوێندنگەی ئایینی لە زاهیدان، لانیکەم ٢٥٣ خوێندکاری بەلووچیان بە لێدان و توندوتیژی دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆڕتی "حاڵ‌وەش" سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی سەرماوەز هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر دوو خوێندنگەی "مەولەوی عەبدولعەزیز" و "ئەبووزەر غەفاری" لە زاهیدان.

هێزە ئەمنی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە جێگیرکردنی ١٣ ئوتووبووس لەو شوێنەدا، سەرەتا خوێندنگەکانیان گەمارۆ داون و دواتر هێرشیان کردووەتە سەر خوێندکاران و بە توندوتیژی و سوکایەتیپێکردنەوە هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەو خوێندکارانەیان داوە کە ناسنامەیان پێ نەبووە.

کۆمەڵگەی مامۆستایانی "دارولعلووم"ی زاهیدان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئەم کردەوەیەی ڕێژیمی بە بێڕیزی و دژی یەکگرتوویی ناو برد و خوازیاری هەوڵی بەپەلە بۆ پێشگرتن لە توندوتیژی و ئاڵۆزی لە بەلووچستان بوو.

هەر لەم پێوەندییەدا، کاناڵە هەواڵدەرییەکانی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران خوێندکارانی دەسبەسەرکراویان وەکوو تێرۆریست لە قەڵەم دا و ڕایانگەیاند کە ئەو کەسانە لە کاتی ڕێکخستنی کردەوەی تێرۆریستیدا دەسبەسەر کراون.

مەولەوی عەبدوڵغەفار نەقشبەندی لە کاردانەوە بە بێڕێزی بە خوێندنگەی پەیڕەوانی مەزهەبی سوننە لەلایەن ڕێژیمەوە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر دوو خوێندنگەی ئایینی و خوێندکارێکی زۆریان دەسبەسەر کردووە، ئەگەر زانایانی بەناوبانگ و سەرۆکان و دەسەڵاتدارانی بەلووچ ئەم بێدەنگییە نەشکێنن و نەیەنە مەیدان، دەبێ چاوەڕێی ئەم هەوسارپچڕاوییە لەنێو ماڵەکانی خۆیاندا بن."

لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوو و پاش کوشتاری هەینیی خوێناویی زاهیدان، گوشار، هەڕەشە و دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان و زانایانی ئایینیی سوننە و هەروەها وەپاڵدانی تۆمەتی ناڕەوا دژی ئەم کەسانە زیادی کردووە.