کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز لە شاری "ئاڵبۆرگ"ی دانمارک

16:25 - 21 سەرماوەز 2723

ڕۆژی شەممە، ١٨ی سەرماوەز(٩ی دێسامبری ٢٠٢٣)،  ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن کۆمیتە ناوچەی "نۆرد یوولەند"ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی دانمارک و بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک لەلایەن ئاکۆ کوردە، ئەندامی بەڕێوبەریی کۆمیتەی ناوچەی نۆرد یوولەندەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێک لە پەیامەکەی کۆمیتەدا ئاوڕێک لە مێژووی پڕ لە شانازی و پڕ لە هەوراز و نشێوی خەباتی بێوچان و نەپساوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درایەوە و  پێگەی پێشمەرگە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا بەرز نرخێندرا.

لە بڕگەیەکی ڕێوڕەسمەکەدا، فیلمێکی دێکۆمێنتاری سەبارەت بە خەبات و گیانفیدایی پێشمەرگە بڵاو کرایەوە کە لەلایەن بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی حیزبەوە لە دانمارک، ئامادە کرابوو.

لە برگەیەکی دیکەدا هاوڕێیان حامید بیلکامە، کامڕان ئیبراهیمی، خاتوو تەیان عەبدوڵڵاهی و نەبەز مستەفاپوور، ئەندام و پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە کورتی باسیان لە ژیان و خەباتی خۆیان لەنێو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەدا کرد و بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی نۆردیوولەند، شاخە گوڵێکیان بە نیشانەی ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە، پێشکەش بە بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە بڵاوکردنەوەی سروودی "لە قەندیلی سەربەرزەوە"، بە یادی هۆنەرمەندی کۆچکردوو تاهیر خەلیلی، بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.