کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتریش/ سەردانی بەشی پەیوەندیەکانی حیزبی دێموکرات لە پارلمانی وڵاتی ئوتریش

10:55 - 23 سەرماوەز 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز(١٣ دێسامبری ٢٠٢٣)، محەممەد فەقێ‌عەلی بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش، سەردانی مارتین ئێنگل بێرگ ئەندام پارلمان لەسەر لیستی حیزبی دیمۆکرات مەسیحی ئوتریش و ئەندامی لیژنەی پارلمانتارانی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان هەروەها بەرپرسی کۆمیسیۆنی گەشەپێدانی نێونەتەوەی ئەو حیزبەی لە پارلمانی ئەو وڵاتە کرد.

محەممەد فەقێ‌عەلی، لە سەرەتادا پەرژایە سەر دۆزی کورد و خەباتی ٧٨ ساڵەی حیزبی دێموکرات. پاشان بە ئاماژە بە ڕێژیمەکانی پاڵەوی و کۆماری ئیسلامی باسی لە ڕێژەی دڕندەیی هەر دوو ڕێژیمەکە لە پێوەندی لەگەڵ ئازادیخوازاندا کرد و وتی دەسبەسەرکران، بێسەروشوێنکردن ئەگەرچی لەلایەن ساواکەوە ئەکرا، بەڵام بە هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران، دڕندەییەکە چەند قات زیاتر بووەوە و ڕێژیمی ئێران بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستی لە تێرۆر و ڕەشەکوژی بە مەبەستی هەناردەکردنی ئیسلام بۆ وڵاتانی دراوسێ هەیە.

محەممەد فەقێ‌عەلی لە قسەکانیدا، ئێرانی بە سەرچاوە و بناخەی تێرۆری ئیسلامی سیاسی ناو برد و وتی: بەشی هەرەزۆری ئەو ڕێکخراوانەی کە ئەمڕۆ لەسەر ئاستی ناوچە و جیهان دەستیان لە کاری تێرۆر و کوشتن و ڕفاندندا هەیە، بە شێوەیەک لە شێوەکان پێوەندییان بە ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە و لقێک لە سپای قودسن کە لقێکە لە سپای پاسداران.

بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوییەکانی حیزبی دێموکرات، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی بە سەرەکیترین قوربانیی تێرۆر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ناو بردووە و باسی لەوە کرد کە حیزبی دێموکرات بە ڕێژەیەکی زیاتر کەوتووتە بەر ئەو پەلامارەوە و تەنانەت لە وڵاتانی ئوروپاییشدا ئەم بابەتە دەبینرێت کە وەک نموونە ئاماژەی بە تێرۆری د. قاسملوو لە ڤییەن و د. شەرەفکەندی لە بێرلین کردووە.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ حکوومتی ئۆتریش هەوڵ بدات تاکوو سپای پاسداران بخرێتە لیستی تێرۆری ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی جیهانەوە.