کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە درێژەی هەیە

12:21 - 23 سەرماوەز 2723

ئیسرائیل مووشەکباران و بوردومانەکانی بۆ سەر غەززە چڕتر کردەوە و لە ئاکامدا ٢٤ کەسی دیکە کوژران.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ سەرماوەز، سەرەڕای چڕبوونەوەی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی کوژرانی خەڵکی سێڤیل و گرینگیدان بە کارەساتی مرۆیی لە ناوچەکەدا، ئیسرائیل درێژەی بە هێرشەکانی خۆی لە ‌غەززە دا.

بە پێی ڕاپۆرتی ''ڕویترز''، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر دوو ماڵ لە ناوەندی شاری ڕەفەح ، ٢٤ کەس کوژراون.

گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەردا دەستی پێکرد کە تا ئێستاش دریژەی هەیە و بە هەزاران کەس بوونەتە قوربانی.

لە هێرشەکەی ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری حەماس و جیهادی ئیسلامی بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، لانیکەم ١٢٠٠ کەس کوژران کە زیاترینیان کەسانی سێڤیل بوون و لانیکەم ٢٤٠ منداڵ، ژن و کەسی بەساڵاچوو بەدیل گیران.

ئەمریکا، بریتانیا، یەکیەتیی ئورووپا، ژاپۆن، ئوسترالیا و چەندین وڵاتی دیکە، گرووپەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامییان خستووەتە لیستی ڕێکخراوە تێڕۆریستییەکانی جیهانەوە.