کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار مامۆستای ئایینی، حوکمی ١١ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا

12:56 - 23 سەرماوەز 2723

چوار مامۆستای ئایینیی کوردی خەڵکی پیرانشار کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژێمەوە دەسبەسەرکرابوون، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینییەوە لە ورمێ، بە ۱۱ ساڵ بەندکران سزا دران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا مامۆستای ئایینی "شەریف محەممەدپوور، سلێمان ئەحمەدی، جەماڵەدین واژی و یوونس نەوخا" لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینییەوە بە هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و واژۆکردنی بەیانییەی مامۆستایانی ئایینیی کوردستان لە پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و بەشداری لە خۆپیشاندانەکان، تۆمەتبار کراون و لسەرجەم بە ١١ ساڵ بەندکران سزا دراون.

بەپێی ئەم حوکمە، مامۆستا یوونس نەوخا بە سێ ساڵ بەندکران، مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی بە چوار ساڵ، مامۆستا شەریف محەممەدپوور بە دوو ساڵ و مامۆستا جەماڵەدین واژی بە دوو ساڵ بەندکران سزا دراون.

ئەم چوار مامۆستا ئایینییە کوردە لە ماوەی ٣ تا ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و پاشان بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی دادگاییەکەیان لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کراون.

هەر لەم پێوەندییەدا مامۆستا "زانا خۆشامەن" خەڵکی گوندی پەسوێ و دانیشتووی شیناوێی پیرانشار کە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمەوە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مهابادەوە بە دووساڵ و مانگێک بەندکران سزا درابوو، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ڕێژیم لە نەغەدە کرا.