کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ دیداری هەیئەتی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی چەپی سوئێد

17:17 - 23 سەرماوەز 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز (١٣ی دێسامبری ٢٠٢٣) هەیئەتێکی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتبوو لە حەمید تەیمووری، لەیلا محەممەدی و عەزیز سەیدنژادیان، سەردانی پارلەمانی وڵاتی سویدیان کرد و لەگەڵ هۆکان سڤەنەلینگ، نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی چەپی سوئێد کۆ بوونەوە.

لەم دیدارەدا ئاماژە بەم خاڵانە کرا:

ـ هەڕەشەکانی ڕێژیم لە حیزبی دێموکرات و ڕێککەوتنی نێوان ڕێژیم و حکوومەتی عێراق و هەروەها داواکاری لە حیزبی چەپی سوید بۆ چالاکی زیاتر لەمەڕ پرسی کورد

ـ شۆڕشی ژینا و گرتن و لەسێدارەدرانی ژنان و لاوانی کورد و قەدەغەکرانی چوونەدەرەوەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف

ـ پشتیوانیی نیزامی و ماڵیی ڕێژیم لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە سووریە، عێراق، لوبنان و یەمەن

ـ هێرشەکانی میلیشیاکانی ڕێژیم بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و بێدەنگیی جیهان لەمبارەوە

ـ ناردنی سیخوڕ بۆ وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا و سوید لەلایەن ڕێژیمەوە

ـ ئاژاوەنانەوە لە وڵاتی سوید بۆ نموونە سووتاندنی قورئان و ساتوسەودا بۆ گەڕاندنەوەی تاوانباران وەکوو نموونە حەمید نووری

ـ دەستێوەردان و ئاژاوەنانەوەی ڕێژیم لە وڵاتانی وەک وێنێزۆئێلا و کۆلۆمبیا

ـ کوشتنی کۆڵبەران

ـ لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان و دەسبەسەرکردن و کوژرانی پارێزەرانی ژینگە بەدەستی سپای پاسداران

هەیئەتی حیزب داوای کرد کە ئەم پرسانە لە پارلەمانی سوید بخرێنە بەر باس و دەنگی کورد بگەیێندرێتە یەکیەتیی ئورووپا.

 

 

بەڕێز هۆکان لەم دیدارەدا وتی کە وەک حیزبی چەپ هەردەم لە پارلەمانی سوئێد باسی توندوتیژیی ڕێژیمی ئێران دژ بە نەتەوەکانی وەک کورد و بەلووچ و ئەوانی تر دەکرێت و ئەم بابەتە دەخرێتە بەر لێکدانەوە.