کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ بانگکردنی چالاکانی کورد فێڵی نوێ بەکار دێنێ

12:30 - 26 سەرماوەز 2723

ناوەندەکانی ڕێژیم بۆ دەسبەسەرکردنی چالاکانی کورد، فرتوفێڵی نوێ بەکار دێنن.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەتییەکانی سەقز، فایەق یووسفی، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ" و زیندانیی سیاسیی پێشوویان بانگی کەڵانتەری ١١ی ئەو شارە کردووە.

هەواڵدەریی کوردپا لەمبارەوە رایگەیاندووە کە هێزەکانی ڕێژیم بۆ بانگکردنی ئەم هاووڵاتییە، پەنایان بۆ فرتوفێڵ بردووە و پێیان وتووە کە سەبارەت بە ڕووداوێکی هاتوچۆ سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.

فایەق یووسفی بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا، باسی لەوە کردووە کە پاش بانکگران بۆ کەڵانتەری ١١ی سەقز، هەمان شەو کاتژمێر ١١و لە کاتێکدا کە خۆی لە ماڵ نەبووە، ١٥ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنینی ماڵ و ماشینەکەی کردووە.

ناوبراو لەم گرتە ڤیدیۆییەدا ڕوودانی هەر چەشنە ڕووداوێکی هاتوچۆی ڕەت کردووەتەوە و وتوویەتی: ئەگەر دەسبەسەر بکرێم یان تووشی هەر کیشەیەکی تر بم، بێگومان لەلایەن ئیدتلاعاتەوە بوو و ئیتلاعاتی سەقز بەرپرسیارە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٢، ٩ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان لەژێر ناوی کارمەندی ئیدارەی ئاو بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی هوشیار شەعبانی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ناوبراو و ماڵەکەیان پشکنیبوو. هێزەکانی ڕێژیم بە زۆر بەڵێننامەیان لە ئەندامانی بنەماڵەی هوشیار وەرگرتبوو و داوای ڕادەستکردنی هوشیاریان کردبوو.