کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ بەشداری ھەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یادی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان

10:26 - 27 سەرماوەز 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی سەرماوەز(٧ی دێسامبری ٢٠٢٣)، لەلایەن فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە وڵاتی دانمارک لە شاری  (Albertslund ) نزیک لە کۆپێنھاگ پێتەختی ئەم وڵاتە، ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا.

هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە دانمارک، پێکهاتوو لە ئەحمەد ڕەحمانی، کەژوان یووسفی، ڕەحیم خالید نژاد و دیار مەولایی لەسەر بانگهێشتی فێدراسیۆن بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە بوون و لەلایەن فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانەوە لە وڵاتی دانمارک، بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی ئەی ڕەقیب لەلایەن کۆمەڵێک لە منداڵانەوە دەستی پێ کرد کە هەرکامەیان مۆمێک و ئاڵایەکی کوردستانی بەدەستەوە گرتبوو.

لەلایەن عەدنان ئاغاجان، بەرپرسی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە وڵاتی دانمارکەوە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان ڕاگەیەندرا.

چەندین لایەن و ھێزی سیاسیی کوردستانی لەم ڕێوڕەسمەدا بەشداربوون.