کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز لە شاری "هۆرسێنس"ی دانمارک

10:40 - 27 سەرماوەز 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٥ ی سەرماوەز( ١٦ی دێسمابری ٢٠٢٣)، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن کۆمیتە ناوچەی “میت یوولەند”ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی دانمارک و بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەڕێوە چوو.

رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

لە بڕگەی یەکەمدا، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک لەلایەن سەربەست ئورمیە، بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی میت یوولەندەوە پێشکەش کرا.

لە پەیامەکەدا ئاوڕێک لە مێژووی پڕ لە شانازی و پڕ لە هەوراز و نشێوی خەباتی بێوچان و نەپساوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درایەوە و پێگەی پێشمەرگە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا بەرز نرخێندرا.

لە بڕگەی دواتردا فیلمێکی دێکۆمێنتاری سەبارەت بە خەبات و گیانفیدایی پێشمەرگە کە لەلایەن بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی حیزبەوە لە دانمارک، ئامادە کرابوو، پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

دواترهاوڕێیان مەحموود دەشتی، بێهرووز خەلیلی و شەهاب ئەحمەدی، ئەندام و پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە کورتی باسیان لە ژیان و خەباتیان لەنێو هێزی پێشمەرگەدا کرد و بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی میت یوولەند، شاخە گوڵێکیان بە نیشانەی ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە، پێشکەش بە بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە کرد.

لە بڕگەکانی دواتردا جەمشید خوسرەوی بەرپرسی کۆمیتەی دانمارک بە پارچە شێعرێک بە ناوی "من پێشمەرگەم" و ئیبراهیم ڕەسووڵ زادە، بە پێشکەشکردنی پەخشانێک لەسەر خەباتی پێشمەرگە، ڕێوڕەسەکەیان ڕازاندەوە.