کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان

19:18 - 27 سەرماوەز 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی سەرماوەز، رێوڕەسمێک لەلایەن کۆمیتەی بریتانیای حیزبەوە و بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، لە شاری بێرمنگهام بەڕێوە چوو.

کۆمەڵێک نووسەر، کەسایەتیی کورد و چالاکی سیاسی، هاوکات نوێنەری هەرکام لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان وەک یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵە - ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان کاوە مودەڕسی، بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکرات لە وتەیەکی کورتدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.

پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لەلایەن فەرید دەیهیم، ئەندامی کۆمیتەی حیزب و بەرپرسی پێوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە لە بریتانیا خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ئارارات عەزیزی بۆکانی نووسەر و شارەزای بواری مێژوو، بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی ئەم ڕێوڕەسمەدا لەوحەی ڕێزلێنان لە خەبات و تێکۆشانی کەمئەندانی سەنگەری حیزبی دێموکرات لەلایەن کاوە مودەڕسی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبەوە لە بریتانیا پێشکەش بە چوار کەمئەندامی حیزب بەناوەکانی محەممەد موستەوجەب فەرد (حەمە میراوایی)، عەلی شاداب، خەلیل ئەسپەندار و حەسەن مستەفاپوور کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا نووسەر و چالاکی سیاسی، عومەر حەمیدی سەبارەت بە شکۆی ئاڵا و کەسایەتیی پێشمەرگە چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

هاوڕێیان لوقمان قاسمی، ئەنوەر ئەحمەدی، کەماڵ حەسەنپوور و فرمێسک قادریان، بە خوێندنەوەی شیعر و پەخشان و هونەرمەند بەرهەم شەمامی بە چەندین گۆرانی و سروود ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە.