ڕۆژی شەممە، ٢٥ی سەرماوەز، ڕێوڕەسمێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبەوە لە شاری وێستڕۆس و بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و خەڵکی دیکەش لە شارەکانی دەورووبەر، بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
پەیامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوید لەلایەن هاوڕێ ئارەزوو حیسامییەوە پێشکەش کرا.
دواتر هاوڕێ عەبدوڵڵا عەبدی کادری پێشوو و ئەندامی چالاکی حیزب لە وڵاتی سوید باسێکی پڕ نێوەرۆکی لەسەر شۆڕشەکان و گرینگیی ڕێکخستن و سازماندانی هێزی چەکداری کورد پێشکەش کرد. ناوبراو تیشکی خستە سەر هەموو ئەو هەوڵانەی کە لەلایەن شۆڕشگێڕانی کوردەوە بە مەبەستی بەگژداچوونەوەی زوڵم و زۆری نەتەوەکانی چوار دەوری کوردستان و دابینکردنی کیان و ژیانێکی شایانی مرۆڤی سەردەم دراون، کە بە هۆی کۆکبوونی نەتەوەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا لەسەر دژایەتیکردنی کورد و هەروەها بەرژەوەندی زلهێزەکان، تا ئێستا بە ئامانج نەگەیشتوون.
ناوبراو باسی کۆماری کوردستان و داهێنانی نێوی پیرۆزی پێشمەرگە و سازماندانی لە ژێر نێوی "سپای میللی کوردستان" و هەڵدانی ئاڵای کوردستان و پەسەندکردنی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب وەک مارشی کۆمار کرد. هەروەها باسی هەموو ئەو قارەمانەتییانەی کرد کە هێزی پێشمەرگە هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا بۆ پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی کۆمار و بەربەرەکانی لە گەڵ ڕێژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی لە مەیدانی کردەوەدا نواندوویانە. ئەوەش وای کردووە کە پێشمەرگە هەموو کاتێک خۆشەویستی خەڵکەکەی خۆی بێت و بە هاتنی لاوانی خوێنگەرم و خاوەن بڕوا هەموو کاتێک خوێنی تازە بە دەمارەکانی شۆڕش و هێزی پێشمەرگەدا بکەنەوە.
لە بڕگەیەکی ڕێوڕيسمەکەدا، پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن موژدە عەزیزییەوە خوێندرایەوە.
هاوڕێ سەید عەلی هاشمی پەیامی چەند ئەندامێکی نیووخۆی کوردستان سەبارەت بە یەلگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی خوێندەوە و هاوڕێ عارف عەزیزی (ڕاوێژ)، شێعرێکی پێشکەشی ئامادەبوون کرد.
نێوئاخنی ئەو بەشە لە بەرنامەکە بە شێعر و هۆنراوەی شۆڕشگێڕیی تایبەت بەو ڕۆژە لە لایەن بەڕێوەبەری بەرنامە، نیشتمان عەزیزییەوە ڕازایەوە.
لە درێژەدا، ڕێز لە چەند پێشمەرگەی کەمئەندامی بەشداریی ڕێوڕەسمەکە بە ناوەکانی سەید عەلی هاشمی و عەبدولکەریم بابایی گیرا. ئەم هاوڕێیانە باسیان لە بەشێک لە ئازار و ژانەکانی دوای کەمئەندام بوونی خۆیان کرد، کە نەک تەنیا ژیانی ڕۆژانەی خۆیان، بەڵکوو ماڵ و منداڵیشیانی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، بەڵام ورەیان هەروا بەرزە و تۆزقاڵێک کاریگەریی لەسەر دڵسۆزی بۆ گەلەکەیان دانەناوە، لەم بەشەدا خاتوو کولسوم ئیبراهیمی بە نوێنەرایەتیی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی ئامادەی ئەو ڕێزلێنانە بوو.