کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتریش/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز

22:15 - 27 سەرماوەز 2723

ڕۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەز، کۆمیتەی ئوتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی ڕێزگرتن لە ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگە، بۆ ئەندامان و لایەنگران و نوێنەرایەتیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان پێک هێنا.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب لەلایەن هاوڕێیان شۆرش بە کەمانچە و دوکتۆر کەمەر بە پیانۆ و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.  

هاوڕێ حوسێن خاڵ خاڵ وەک بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و پاشان پەیامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی ئوتریش لەلایەن خاتوو مونیرە نیگەهدار بەرپرسی کۆمیتە لەم وڵاتە خوێندرایەوە.

دواتر پەیامی پارتی دیمۆکراتی کوردستان سووریە لەلایەن کاک محەممەد شەریف و پەیامی ناوەندا ڕەوەندی کوردی لە وڵاتی ئوتریش لەلایەن کاک نزار موساوە پێشکەش کرا.

پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق، پارتی دێموکراتی کوردستانی سووری (لپارتی)،  پارتی گەلی کوردستانی سووریە، پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد سووریە (یەکیەتی)،  پارتی دێموکراتی الوەحدە (شێخ ئالی)، پارتی دێموکراتی پێشوەڕۆی کوردستان (دوکتۆر سەلاح)، ڕیکخراوی زاگرۆس، تەڤگەرا ئاڤا کردنا دێموکراتی کوردستانی سووریەش بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد و پەیامی خۆیان بە کۆمیتەی حیزب لە ئۆتریش گەیاند.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن خاتوو مونیرە نیگەهدار و دوکتۆر جەعفەری پیرۆتی، تێکۆشەری دێرینی حیزبەوە لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بەو کەسانە کرا کە لە سەنگەردا بەشێک یان چەن بەش لە جەستەیان پێشکەش بە نیشتمان کردووە.

هونەرمەندان شۆڕش و دوکتۆر کەمەر بە پێشکەشکردنی چەند پارچە مۆسیقا بەتایبەت کۆپلەیەک لە سروودی لە قەندیلی سەربەرزەوەی مامۆستا تاهیر خەلیلی ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاوەتر کرد.

شانۆی سروشت پەخشانێک بوو کە لەلایەن محەممەد فەقێ‌عەلییەوە خوێندرایەوە.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشدرابووان کۆتایی پێ هات.