کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا هیجری: حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی حەمید نووری شکستێکی گەورە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە

10:17 - 29 سەرماوەز 2723

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک سەبارەت بە پشتڕاستکرانەوەی حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی  حەمید نووری، ئەم حوکمەی بە شکستێکی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامی ناو برد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پشتڕاستکرانەوەی حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی حەمید نووری لە دادگای سوید سەبارەت بە بەشداریی ناوبراو لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانییانی سیاسیی ساڵی ٦٧، سەرکەوتنێک بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و دادخوازەکانی ئێرانە.

بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ناوبراو چەند ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە و یان ئەگەری هەیە وەکوو مەحکوومکراوانی هاوشێوەی پێشوو لە چەند وڵاتی ئوروپاییدا لە مامەڵەیەکی سیاسیدا ئازاد بکرێ؛ ئەم حوکمە شکستێکی گەورە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە سەرەڕای هەوڵە بەربڵاوەکانی بۆ بێتاوانناساندنی حەمید نووری، دادگا بەشێوەیەکی تەواو دادپەروەرانە حوکمی کۆتایی خۆی دەر کرد.

وێڕای دەستخۆشیی زۆر لە پارێزەرانی قوربانییەکان، شایەتحاڵان، دادوەرەکانی دادگا و هەموو ئەوانەی کە لە بەئاکامگەیاندنی ئەم دۆسییەیەدا زەحمەتیان کێشاوە؛ پیرۆزبایی لە هەموو بنەماڵە ئازارچەشتووەکان و هەموو چالاکان و خەباتکارانی ڕزگاریخواز دەکەم کە  دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران خەبات دەکەن.

بەو هیوایەی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بینەری دادگاییکرانی هاوکارەکانی حەمید نووری و هەموو فەرماندەران و بکوژانی خەباتکارانی ماندوونەناس لە ئێران، بە تاوانی جینایەتە بێئەژمارەکانیان لە نێوخۆ و دەرەوە، لە دادگا دادپەروەرانەکاندا بین.

 

مستەفا هیجری

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢