کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازیی ئەندامانی حیزب لە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی زیندانیی هەتاهەتایی حەمید نووری لە سوید

16:53 - 29 سەرماوەز 2723

دوای پشتڕاستکرانەوەی حوکمی زیندانیی هەتاهەتایی حەمید نووری لە دادگای سوید، خەڵکێکی زۆر بەم بۆنەوە لە بەردەم دادگای پێداچوونەوە کۆ بوونەوە و خۆشحاڵیی خۆیان لەمەڕ سەرکەوتنی داواکانی خەڵک بەسەر ویست و داخوازی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگەیاند.

لەو کۆبوونەوەیەدا حەسەن حاتەمی، بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی لە ئازارچەشتووانی دەستی کۆماری ئیسلامی کرد.

 ناوبراو یەکێک لەو کەسانە بووە کە ساڵی ١٣٦٧ لە زینداندا بووە و لە نیزیکەوە ئاگادار و گوێبیستی ئەو ئێعدامە بەکۆمەڵانە بووە کە حەمید نووری یەکێک بڕیاردەرانی بووە.

ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە لەوێ بەشدار بوون و پێشوازییان لەم بڕیارەی دادگای سوید کرد.

حەمید نووری لە کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانییانیی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا، کە بە فەرمانی خومەینی هەزاران کەس ئێعدام کران، ڕۆڵی سەرەکیی گێراوە. ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٠١٩ لە فڕوکەخانەی ''ئارلاندا''ی سوئید بە حوکمی دادستانی سوئید و بە تاوانی ڕۆڵی ناوبراو لە کۆشتاری بەکۆمەڵ دەسبەسەر کرا.