ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی سەرماوەز، کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ دۆخی بەندکراوان بڵاوی کردەوە کە لە لقی ١١ی دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە شار کەرەج، ماشەڵڵا کەرەمی باوکی شەهید "کۆمار کەرەمی"، لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا بە پێنج تاوان تۆمەتبار کراوە.
بەپێی بڕیاری دادگا ماشەڵڵا کەرەمی بە تاوانی ئەندامەتی لە دەستە و گرووپ بە مەبەستی هەوڵدان دژی تەناهیی ڕێژیم، پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم، بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان، دروستکردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات، بێڕێزی بە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران تۆمەتبار کراوە.
جگە لە ماشەڵڵا کەرەمی، ٨ کەسی دیکەش لەلایەن دادسەرای ڕێژیمەوە حوکمی دەسبەسەرکرانیان بۆ درچووە و بە تاوانبار ناسراون.
ماشەڵڵا کەرەمی، پێشتر بە کەڵئاوەژوو وەرگرتن لە هەستی خەڵک تۆمەتبار کرابوو، بەڵام ئەمجارە ئاماژە بەم تۆمەتە نەکراوە و بیڕێزی بە ربەری ڕێژیم جێگای گرتووەتەوە.
ماشەڵڵا کەرەمی لە ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژدا لە گەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی شەهیدبوونی کوڕەکەی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە هێرش کرایە سەر ماڵەکەی و دەسبەسەر کرا، هێزەکانی ڕێژیم لە کاتی هێرشکردن بۆ سەر ماڵی ناوبراو، وێنە، کەلوپەل و مێداڵیای شەهید کۆمار کەرەمی ان تێکشکاند.
ناوبراو دوای دەسبەسەرکرانی زیاتر لە سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا لەژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدا بووە، هەروەها بڕیار بووە کە لە ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزدا یەکەمین دانیشتنی دادگای پێڕاگەشتن بە ئەو تۆمەتانەی کە بە سەریدا سەپاوە بەڕێوەبچێت بەڵام بە هۆکاری ناڕوون ئەو دادگایە دوا خراوە.