کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی زمانی کوردی لە سنە بە ١١ ساڵ بەندکران سزا درا

10:55 - 13 سەرماوەز 2723

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی سنە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای ١١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''خۆڕاگری''، ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی سەرماوەز، سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی شاری سنە و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی _کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لەو شارە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی" بەتۆمەتی پێکهێنانی گرووپ و تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ١٠ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای  یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

سەیوان ئیبراهیمی، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە دۆسییەیەکی دیکەدا، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمەوە لە سنە، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای یەک ساڵ بەندکردنی تەعزیری، دوورخستنەوە لە زێدی خۆی و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرا و ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، سزای بەندکردن و لێدانی قامچییەکەی لە دادگای پێداچوونەوە پەسەند کرا و سزای دوورخستنەوەکەی بۆ بەندیخانەی دێزڵاوی کرماشان هەڵوەشایەوە.

جێێ ئاماژەیە کە سەیوان ئیبراهیمی، ئەندامی بەڕێوبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_ کۆمەڵایەتیی نۆژین، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و لە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.