کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوسترالیا/ دیداری هەیئەتی حیزبی دێموکرات و جێگری لێژنەی ئاسایش و بەرگریی سنا

12:13 - 2 بەفرانبار 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی سەرماوەز(٢١ی دێسامبری ٢٠٢٣)، هەیئەتێکی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات، پێکهاتوو لە هاوڕێیان سەلاح پوورئەسەد و مەسعوود پیران لە گەڵ پۆڵ سکار، گەورە سێناتۆر و جێگری بەرپرسی سێناتۆرەکانی حیزبی لیبراڵ و جێگری لێژنەی ئاسایش و بەرگریی سنا و ئەندامی چەند لێژنەی یاسادانان و بەدواداچوونی سنای ئوسترالیا، لە شاری بریزبێن کۆ بوونەوە.

هەیئەتی حیزب سەبارەت بە پشتیوانییە بەردەوامەکانی سێناتۆر پۆڵ سکار و حیزبی لیبراڵی ئوسترالیا لە شۆڕشی ژینا و گوشارخستنە سەر حکوومەتی ئوسترالیا بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی جیددیتر دژی سەرکوت و کوشاری ڕێژیم دژی گەلانی ئێران و هەوڵەکانی بۆ خستنە نێو لیستی تێرۆری سپای پاسداران، سپاس و پێزانینی خۆیان دەربڕی.

‎سەناتۆر پۆڵ سکار لەو دیدارەدا ڕایگەیاند کە ئەوان لە هەموو بارێکەوە هەوڵ دەدەن کە حکوومەت بەو قەناعەتە بگەیەنن کە ئوسترالیا گەمارۆی زیاتری بخاتە سەر ڕێژیمی تاران و سپای پاسدارانیش بخرێتە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە چونکە ئەو دامەزراوەیە جگە لەوە دەستی لە کوشتن و تێروری خەڵکی ئێران و  تێروری موخالیفانی سیاسیدا هەیە، بووەتە هۆی نائەمنیی دونیاش.

‎لە درێژەی ئەو دیدارەدا هەیئەتی حیزب هێندێک بەڵگە و دێکۆمێنتی دایە  دەستی سێناتۆر پۆڵ سکار کە باسی کردەوەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و ئیعدام و تێروریان تێدا کرابوو.

‎سێناتۆر سکار  بەڵینی دا کە بە پشتبەستن بەو بەڵگانە جارێکی دیکە لە کۆبوونەوەی سنادا باسی تایبەت بە سەرکوتی ڕێژیمی ئیسلامی بکات.

‎بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باسی سیاسەتی تێروریستیی ڕێژیمی ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکان بوو کە ئاماژە بە تێروری شەهید د. قاسملوو کرا کە چۆن بە ساتوسەودای  دەوڵەتی ئوتریش تێرۆریستەکان ڕەوانەی ئێران کرانەوە.

لە کۆتایی دا سەناتۆڕ پۆڵ سکاربۆ جارێکی دیکە پشتیوانی خۆی بۆ خەباتی گەلانی ئێران و گەلی کورد  دووپات کردەوە.