کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی کاک عەلی خان سمکۆ لە وڵاتی سوید بە خاک سپێردرا

17:54 - 2 بەفرانبار 2723

ڕۆژی هەینی، ١ی بەفرانبار(٢٢ی دێسامبری ٢٠٢٣)، تەرمی عەلی خان سمکۆ لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا و بە بەشداریی خاتوو "هەدیە" هاوژینی عەلی خان، منداڵەکانیان و چەندین کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی سمکۆ و نوێنەری چەندین حیزب و لایەنی سیاسی و چەندین دەزگای راگەیاندن و  سەدان کەس، کە لە وڵاتانی سوئێد، دانمارک، نوروێژ، ئاڵمان و چەندین وڵاتی دیکەوە هاتبوون، لە شاری ڤێستروسی سوئێد بە خاک سپێردرا.

تابووتی عەلی خان لەژێر ئاڵای کوردستان و بە تاجە گۆڵێنەوە گەیەندرایە شوێنیکی تایبەت کە هەموو ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نێزیکی بنەماڵەی بەرێز عەلی خان لە دەوری کۆبوونەوە و بۆ دواجار ماڵاواییان لە تەرمی کاک عەلی کرد.

عەزیز مورادپەرەست بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی عەلی خان و سمکۆی شکاک، باسێکی کورتی لەسەر کەسایەتیی عەلی خان و بنەماڵەی گەورەی سمکۆ پێشکەش کرد.

ڕێوڕەسمی پرسەی عەلی خان بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان، بە تایبەت ڕێبەری ناوداری کورد شەهید سمکۆ و هەروەها دەستی پێکرد.

بەرێوەبەری ڕێوڕەسمەکە باسی لە گرینگیپێدانی خەبات و ڕێبەریکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بە ڕێبەریی شەهیدی نەمر سمکۆی شکاک و خوالێخۆشبوو تاهی خان کوڕە گەورەی سمکۆ کرد .

پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید لەلایەن خاتوو نیشتمان عەزیزی ئەندامی کۆمیتەی گشتییەوە خوێندرایەوە.

لەلایەن بەرەی یەکگرتووی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە سوئێد (PJAK)  و هەروەها ناوەندی چڤاکی دێموکراتیکی کورد لە سوئێد ( NCDK) پەیام و برووسکەی سرەخۆشی بۆ رێوڕەسمەکە نێردرابوو.

پاشان هەریەک لە بەرێزان ماموستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی، سلێمان کەڵەشی، تاهیر عەلیار، عەبدوڵڵا حیجاب و کاکشار ئۆرەمار، تەیموور مورادی و ماموستا سەرکۆوە باس لەسەر کەسایەتی کاک عەلی خان، نەخش و دەوری کاک تاهیر خان لە ڕێبەریکردنی هێزی بەرگریی میللی دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئاخوندی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران کرا.

ئەرەس کوڕە گەورەی کۆچکردوو کاک عەلی خان پەیام و سپاسنامەی بنەماڵەی سمکۆی پێشکەش کرد.