کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ بەشداریی هەیئەتێکی حیزب لە ناشتن و پرسەی عەلی خان سمکۆدا

18:12 - 2 بەفرانبار 2723

ڕۆژی هەینی، یەکی بەفرانبار(٢٢ی دێسامبری ٢٠٢٣)، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران- کومیتەی سوید پێکهاتوو لە نیشتمان عەزیزی، محەممەد بایزیدی و موژدە عەزیزی بەشداریی لە ناشتن و کۆڕی ماتەمینی نەمر عەلی خان سمکۆدا کرد.                                        

پەیامی هاودەردیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران- کومیتەی سوید، لەلایەن نیشتمان عەزیزییەوە خوێندرایەوە.

 مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی، کە هەم ساڵی ١٣٥٧ پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران وەک بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە ورمێ و هەم دوای سەرکەوتنی شۆڕشیش ماوەیەکی زۆر لەو ناوچەیە بووە، باسێکی لەسەر ڕۆڵی بنەماڵەی شەهید سمکۆی نەمر لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا پێشکەش کرد. مامۆستا باسی گرینگی ڕۆڵی تاهیرخان سمکۆی لە ڕێکخستنی عەشیرەتە کوردەکانی دەورووبەری ورمێ و باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی کرد.

مامۆستا وتی: بۆ ڕاوەستان لە بەرامبەر هێرشە پەیتاپەیتاکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئەوە کاریگەریی و پێگەی بەهێزی تاهیرخان بوو کە زۆربەی عەشیرەتەکان هاتنە ژێر فەرماندەیی ناوبراوەوە و زۆر حەماسەیان خوڵقاند و زۆر پیلانی دوژمنیان پووچەڵ کردەوە." لە هەموو ئەو بەرەنگارییانەدا نەمر عەلیخان شانبەشانی تاهیرخانی باوکی لە سەنگەری هەرە پێشەوەی بەرخۆداندا بووە.

لە بەشەکانی دیکەدا، بەڕێزان تاهیر عەلیار، ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندی حیزب، سلێمان کەڵەشی، خەڵکی ناوچە و ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندی حیزب، شار ئۆرامار، ڕۆژنامە نووس و میدیاکار و توێژەری سیاسی، عەبدوڵڵا حیجاب، کادری پێشووی حیزب و چالاکی سیاسی ،تەیمور مورادی، دۆستی بنەماڵە  سەبارەت بە کەسایەتیی عەلی خان و بنەمالەی سمکۆ، چەمد وتەیەکیان پیشکەش کرد.

سەرکۆ ئەمین، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی لە وێسترۆس باسێکی لەسەر چالاکییەکانی نەمر عەلی خان لە تاراوگە و ڕۆڵ و هاوکاریی ناوبراو لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ئەو کۆڕ و کۆمەڵە کوردییانەدا کرد کە لە وڵاتی سوید خزمەت بە گەشە و بەرەوپێشبردنی کولتووری کوردی دەکەن.

                          

لە کۆتاییدا ئەرەس کوڕە گەورەی کۆچکردوو کاک عەلی خان پەیام و سپاسنامەی بنەماڵەی سمکۆی پێشکەش کرد.