ڕۆژی شەممە ٢ی بەفرانبار، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەکانی ئۆستفۆڵد، ڤێستفۆڵد و بوسکەرودی لە شاری ڕۆدە لە وڵاتی نۆروێژ، ڕێورەسمێک بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان و هەروەها بەبۆنەی لە دایکبوونی شەهیدی سەرکردە دوکتور قاسملوو، بەڕێوە چوو.
سەرەتای بەرنامەکان بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان لەلایەن پێشکەشکاری بەرنامەکە خاتوو دەریا قادر خۆشـناو بەخێرهاتنی میوانەکان کرا و پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات لە ئۆستفۆڵد، ڤێستفۆڵد و بوسکەرودی لەلایەن ئەنوەر پویا، ئەندامی بەرێوەبەری کۆمیتەی وڵات و هاوکات بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی ئۆستفۆڵد پێشکەش کرا.
لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا سرودی ''لە قەندیلی سەربەرزەوە'' لەلایەن هونەرمەند پیران قادرزادە پێشکەش کرا. دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکرات لەلایەن عەلی یەگانەوە خوێندرایەوە.
لەو ڕێورەسمەدا فازڵ کوێستانی کەسایەتیی نیشتیمانپەروەر، شاعیر و هونەرمەندی پەیکەرتاش و دۆستی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات دوو پارچە شێعری پێشکەش کرد.
دواتر پەیامی پیرۆزبایی ڕێکخراوی ئۆستفۆڵدی پارتی دێموکراتی کوردستان لەلایەن خاتوو دەریا پێشکەش کرا.
پێشکەشکردنی پارچە موزیکێک بە ئامێری کەمانچە، بە ناوی ''ڕێبواری ڕێی ئازادی'' لەلایەن هونەرمەند هۆمایۆن عزیزی، بەشێكی دیکەی بەرنامەکە بوو.
هەروەها قادر عەزیز بێگی پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی کلتوری و کۆمەڵەی هونەرمەندانی کورد لە نۆروێژی پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمە کرد.
بەشی دووهەم و کۆتایی رێوڕەسمەکە هونەرمەندان هوشیار ئیبراهیمی و پیران قادرزادە بە هاوکاریی هونەرمەندانی ژەنیار، دڵێر پەناوەندی و ئاوات ئازەری بە پێشکەشکردنی کۆمەڵێک گۆرانی، گڕ و تینێکی تایبەتیان دا بە ڕێوڕەسمەکە کە ئامادەبووانیش بە هەڵپەرکێی جوانی کوردەواری بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.