کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسنۆکترین تێرۆریستانی مێژوو

10:49 - 7 بەفرانبار 2723

مەنسوور مروەتی

دوابەدوای کوژرانی ڕەزی مووسەوی، یەکێک لە بەرپرسانی سپای قودسی کۆماری ئیسلامی لە سووریە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران چەندین دژکردەوەی سەیریان لە خۆیان نیشان دا کە هەموویان بە گشتی نیشانەی شڵەژان و ترسی کۆماری ئیسلامی لە ئیسرائیل لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە دیسان دەرخەری درۆزنیی بەرپرسانی ڕێژیم و تەنانەت پێخۆشبوونی بەشێک لە بەرپرسان لە کوژرانی ئەم پاسدارە تێرۆریستەی لێ دەخوێنرێتەوە.

ئەگەرچی هەر دوای کوژرانی مووسەوی دیسان بەرپرسانی ڕێژیم و بەتایبەت بەرپرسانی سپای پاسداران و وەزیری نێوخۆی کۆماری ئیسلامی دەستیان دایە هەڕەشە و گوڕەشە لە ئیسرائیل و باسیان لە تۆڵەکردنەوەی توند و سەخت لەو وڵاتە کرد، بەڵام هەرزوو ڕۆژی دواتر زمانی قسەکردنیان بۆ پاشەکشە گۆڕا و هەریەکە و بەجۆرێک باسیان لە تۆڵەکردنەوە کرد و تەنانەت هەندێکیان تۆڵەکردنەوەکەیان بە داهاتوو سپارد. هەموو ئەمانە لە حاڵێکدایە کە تا ئێستا نە خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و نە ئیبراهیمی ڕەئیسی، سەرکۆمار بەڕەسمی هیچ هەڵوێست و قسەیەکیان لە سەر کوژرانی مووسەوی نەبووە؛ کە ئەمە خۆی نیشانەی ئەوەیە ئەوان لەوە تێگەییشتوون کە بێدەنگەی لێ بکەن باشترە، چونکە شەبکە توندە و بۆ خۆگیڤ‌کردنەوە و هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل نابن.

لەم نێوەدا پاسدار ڕەمەزان شەریف، وتەبێژی سپای پاسداران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا چەندین قسەی کرد کە هەم بۆ پێکەنین دەبێ و هەم زوو وەدرۆ خرایەوە. ڕەمەزان لە باسی تۆڵەدا بە ئاماژە بە کوژرانی قاسم سولەیمانیدا گوتی، پەلاماری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل یەکێک لەو عەمەلیاتانە بوو کە بە تۆڵەی قاسم سولەیمانی ئەنجام درا، کە هەر دەسبەجێ ئەم ئیدیعایەی وتەبێژی سپای پاسداران لە لایەن حەماسەوە وەدرۆ خرایەوە و حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا گوتی، پەلاماری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لەبەر کێشەی " مسجدالاقصی" بووە و پێوەندیی بە شتێکی دیکەوە نییە. دوای وەدرۆخستنەوەی وتەبێژی سپای پاسداران، ناوبراو گوتی، ئەو قسەیەی کردوویە بەخراپ وەرگیراوە، دەنا ئەمیش وەکوو حەماس پێی وایە کە عەمەلیاتی حەماس بۆ "مسجد الاقصی" بووە. ناوبراو هەروەها گوتی ئێمە پێشتریش چەند جار تۆڵەمان لە ئیسرائیل کردووتەوە، بەڵام بە میدیایی نەکراوە و ئیسرائیلیەکانیش هیچ باسیان نەکردوە، کە ئەمەیان بەڕاستی پێکەنیناوییە.

وەئەمما لێدوانی بالیۆزی دەوڵەتی ئێران لە سووریەش لە جێی خۆیدا جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە. ناوبراو لە شیکردنەوەی شێوازی کوشتنی رەزی مووسەویدا گوتی، وەها لێیان دا کە لە ژوورەکەیەوە فڕێ درایە حەوشەی ماڵەکە. ئەم قسەیە وەبیرهێنەرەوەی لێدوانی جەوادی زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران لە کاتی کوژرانی قاسمی سولەیمانیدا بوو کە ناوبراویش گوتی، وەها لەو سەردارەی ئێمەیان دا کە هەر دەستێکی مایەوە. بەلەبەرچاوگرتنی کێشەی هەندێ لە دیپلۆماتەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە سەردەمی قاسمی سولەیمانیدا و، کێشەی نێوان جەوادی زەریف و قاسمی سولەیمانی، یان بە وتەی زەریف، "مەیدان و دیپلۆماسی"، زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی ئەو قسە و ئاخاوتنەی زەریفیان بە جۆرێک بە نیشانەی پێخۆشبوونی ناوبراو سەبارەت بە کوشتنی سولەیمانی لێک دایەوە. ئێستاش هەمان شێوە لێدوان و ئاخاوتنەی سەفیری ئێران لە سووریە بە جۆرێک بیرخەرەوەی هەمان هەڵوێست و کێشەی زەریف لە گەڵ قاسمی سولەیمانییە.

ئەم چەند هەڵوێستە دەربڕاو و دەرنەبڕاوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بێدەنگە لێکردنەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و هەروەها وەدرۆ خستنەوەی سپای پاسداران لە لایەن حەماسەوە، و لە هەمووی ڕوونتر پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی لە قسەی توندی ساتەکانی یەکەمی کوژرانی ڕەزی مووسەوی، بابەتێکی زۆر سەرەکیمان بۆ دەردەخا. ئەویش ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران و سپای پاسدارانەکەی و بەگشتی هێزە سەرکوتکەرەکانی تەنیا لە کوشتن و ئەشکەنجەکردنی خەڵکی بێدرەتانی ئێراندا دەستیان کراوەیە و بێباکن. دەنا ئەم چینە دز و گەندەڵەی کە ژیانیان لە خەڵکی ئێران حەرام کردووە لە بەرانبەر ئیسرائیل و بەگشتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا ترسنۆکترین تیرۆریستانی مێژوو و سەردەمن.