کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم، پێشێلکاری سەرەکیی مافەکانی مرۆف لە ئێرانە

16:21 - 7 بەفرانبار 2723

دوو ناوەندی مافی مرۆیی "دادگوستەر" و "کۆمەلەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران"، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە پیشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٢ هەتا ٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٣، ڕایانگەیاند کە ناوەندی ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ڕاستەوخۆ، لانیکەم لە ٤٢٨ حاڵەتدا، مافەکانی مرۆڤی پیشێل کردووە.

بەپێی زانیارییەکان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، بەگشتی ٤٣٩٩ حاڵەتی پیشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا تۆمار کراوە.

لەم رێژەیە، ٢٦٥٤ حاڵەتی لەلایەن هێزی بەناو دادوەرییەوە، ١٣١٧ حاڵەتی لەلایەن هێزی جێبەجێکارەوە و ٤٢٨ حاڵەتیشی لەلایەن ناوەندی ڕێبەرییەوە ڕوویان داوە.

ئەم دوو ناوەندە مافی مرۆییە، ئەم ڕێژە لە پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیان بە نیشاندەری پێشێلکرانی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئاستە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیدا زانیوە.

بە وتەی ئەم دوو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، ئاماری بڵاوکراو نیشاندەری نادادپەروەری و بێلایەنبوونی ڕەوتی دادوەری لە ئێرانە. هاوکات دەستێوەردانی بەربڵاوی ڕێکخراوە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکان، لەوانە وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانیان، بە ڕەوتی هاواهەنگ بۆ سەرکوتی ناڕازییان ناو بردووە.

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن کاردبەدەستانی ڕێژیمەوە بە شێوەی سیستماتیک و بە پشتبەستن بە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ڕوو دەدات و زۆر جار بە هۆی ئەمنیەتیبوونی پرسەکان، زانیارییەکان سەبارەت بە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بڵاو دەکرێنەوە و ئەم پرسە بە نهێنی دەمێنێتەوە.