کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی کولتووری کورد لە سویس ڕێوڕەسمێکی بە بۆنەی شەوی چلەوە بەڕێوە برد

16:29 - 7 بەفرانبار 2723

ناوەندی کولتووریی کورد لە وڵاتی سویس، ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بەبۆنەی شەوی چلە و بە بەشداریی دەیان کەس لە کوردانی دانیشتووی ئەم وڵاتە بەڕێوەبرد.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.

ئەو ڕێوڕەسمە بە کورتە باسێکی مێژووی شەوچلە و چریکەی شێعر و پەخشانی پێشکەشکاران و زایڵەی دەنگی تەمبوورو کەلامی یارسان لەلایەن جەلال داڵاهۆ و بە هاوڕێیەتیی دەف و تۆمبەکی چیا ناهیدی فاتێحی کەرجۆ و دەنگی مامۆستا ئامانج عەزیزکەندی هەرەوها بەرتەونانەی ئاریان نستانی ڕازایەوە.

بڕگەیەکی تایبەت لە ڕێوڕەسمەکە بۆ یادی شەوی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد د.قاسملوو تەرخان کرابوو.

لە بەشێکی دیکەدا شانۆیەکی شۆناسخوازانە لە دەرهێنان و نواندنی فارووق حەسەن‌پوور شانۆکار و هونەرمەندی بەتوانا بە هاوڕێیەتی زانیار ڕازدار پێشکەش بە ئامادە بووان کرا.

دواتر شاعیر و نووسەر، ئاکۆ ئەلیاسی هەڵبەستێکی پێشکەش کرد.

هەروەها پەیامی ناوەندی کولتووریی کورد لە سویس لەلایەن بەرپرسی ئەو ناوەندەوە هیوا خوشنەمەک، خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکە دا چەند پارچە گۆرانییەکی هەورامی لەلایەن حەمدی محەمەدی و سۆران محەممەدیەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

هەروەها فەرانەک ڕەحیمی لە بەڕێوەبەرانی "پەیجی ئینستاگرامی کوردی سویس" لەسەر گرینگی و پێویستیی هاوکاری و هاوئاهەنگیی NGO کوردییەکانی تاراوگە و پێگەی یادە نیشتمانی و کولتوورییەکان، باسێکی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا بۆ بەرزنرخاندن و ڕێزلێنان لە چالاکییەکانی "ئەنجومەنی نۆژینی سنە و خاتوو زارا مەحەممەدی" لەپێناو خزمەت بە زمانی کوردیدا، چەپکە گوڵێک لەلایەن ناوەندی کولتووری کورد لە سویسەوە پێشکەش بە دوو خوشکی خاتوو زارا، پەریا و کانی کە دانیشتووی سویسن کرا.