کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی کورد چەند کاتژمێر دوای دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتی

17:35 - 7 بەفرانبار 2723

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ورمێ، چەند کاتژمێر دوای دەسبەسەرکرانی، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەم شارە و لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکاندا گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی بەفرانبار، "مەنسوور سڵامەت"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "پێسان"، سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، کە بە تۆمەتی "ڕاگرتنی چەکی ڕاو"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، پاش تێپەڕبوونی چەند کاتژمێر  لە گرتنگەی ئەمنییەتیی "نۆ پلە" گیانی لەدەست دا.

کوردپا ڕایگەیاندووە کە مەنسوور سڵامەت، بە هۆی ئەشکەنجە و گوشاری هێزەکانی ڕێژیمەوە گیانی لەدەست داوە.

هێزە ئەمنییەتییەکانیش هۆکاری مەرگی مەنسوور سڵامەتیان لێدانی جەڵتە بە هۆی ترس و گوشاری دەروونیی دوای دەسبەسەرکران، ڕایانگەیاندووە.

تەرمە ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش ڕاگوێزران بۆ پزیشکی دادوەریی ورمێ، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە و ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی بەفرانبار لە زێدی خۆی بە خاک سپێردراوە.