کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدرانی هاووڵاتییان ڕەوتێکی مەترسیدار دەپێوێ

10:41 - 9 بەفرانبار 2723

لە درێژەی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە کوردستان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٩ کەس لە شارەکانی کوردستان لە سێدارە دراون.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٨ی بەفرانبار، سزای لەسێدارەدرانی چوار بەندکراوی تۆمەتبار بە "بەشداری لە هاوکاریی ئیتلاعاتی و سیخوڕی بە قازانجی ئیسرائیل"، بە ناوەکانی "نەسیم نەمازی، وەفا هنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پەرهازوو"، لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

ئەم چوار کەسە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی بەفرانبار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرابوون. 

ڕۆژی سێشەممە، ٥ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە ناوی محەممەدڕەزا میهرەبان، خەڵکی شاری قوروە، لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە لە سێدارە دراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی بەفرانباریش سزای لەسێدارەدانی هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەد حەساری، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لە گرتووخانەی بیرجەند جێبەجێ کراوە.

لە هەمان ڕۆژدا، سزای لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٧ ساڵ، بە ناوی ڕامین فەقیری، خەڵکی شاری کەنگاوەر، لە گرتووخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی بەفرانباریش هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان، بە ناوی کەریم ئەمینی خا، لە گرتووخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس، لە سێدارە دراوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، شەممە، ٩ی بەفرانباریش، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوی داوود عەبدوڵڵاهی لە زیندانی قزلحساری کەرەج لە سێدارە درا.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی، لە کاردانەوە بە لەسێدارەدرانی ٤ بەندکراو لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ، خوازیاری ڕاگرتنی خێرای سزای لەسێدارەدان و کۆتاییهێنان بەم سزایە لە ئێران بوو.