کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری ڕاگیرانی خێرای سزای لەسێدارەدانەکان لە ئێرانە

11:11 - 9 بەفرانبار 2723

کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە لەسێدارەدانی چوار کەسی دیکە لە ئێران بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە کاردانەوەی نیشان دا.

وڵکەر تورک، کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەمبارەوە وتی لەسێدارەدرانی ئەم چوار کەسە بە بێ دادگاییکرانی دادپەروەرانە و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن، جێگای داخە و خوازیاری ڕاگرتنی خێرای سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا بوو.

دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٨ی بەفرانبار، لە پارێزگای ورمێ لە سێدارەدانی چوار کەسی بە تۆمەتی موحاربە و افساد فی‌الارض لە ڕێگەی سیخۆری بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل، ڕاگەیاند.

هەواڵدەریی میزان، سەر بە دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیمی ئێران، ناسنامەی ئەو چوار کەسەی بە ناوەکانی، وەفا هنارە، ئارام عومەری، ڕەحمان پەرهازو و نەسیم نەمازی، ڕاگەیاند.

وێڕای ئەوەیکە چەندین ساڵە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئەو پرسە هۆشدارییان بە ڕێژیمی ئیران داوە، بەڵام جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان لە ئێران هەروا بەردەوامە.