کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی گرتووخانەی ئەو شارە کران

16:51 - 10 بەفرانبار 2723

شەش هاووڵاتی خەڵکی شاری شنۆ کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو، بۆ جێبەجێکردنی سزاکانیان ڕەوانەی گرتووخانەی ئەو شارە کران.

ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار شەش هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی خۆشناو عەینی، پیرۆت تابناک، یەعقووب مەحموودی ئازەر، یووسف ڕەحمانی، بەهمەن مەحموودی ئازەر و موحسێن عەزیزی، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کران.

لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری شنۆ ئەم شەش هاووڵاتییەی بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم تۆمەتبار کردووە.

بەپێی حوکمی دادگا ئەم شەش هاووڵاتییە، بەم شێوەیە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە:یەعقووب مەحموودی ئازەر ٧ ساڵ، یووسف ڕەحمانی ٢ ساڵ و ٥ مانگ، بەهمەن مەحموودی ئازەر ٧ ساڵ، پیرۆت تابناک  ٢ ساڵ، خۆشناو عەینی ٢ ساڵ و هەروەها موحسێن عەزیزی ٢ ساڵ.

شایانی باسە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا بۆ یەعقووب مەحموودی ئازەر و بەهمەن مەحموودی ئازەر جێبەجێ دەکرێت.