کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەر خۆپیشاندەران

18:04 - 15 سەرماوەز 2723

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکی ١٢٠ لاپەڕەییدا باسی لە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان، پیاوان و منداڵان لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران، بەسیج، وەزارەتی ئیتلاعات و ناوەندە جۆربەجۆرەکانی پۆلیس لە کاتی شۆڕشی ژینادا کرد و چیرۆکی بەشێک لە قوربانییەکانی بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ژنان، پیاوان و منداڵانی بەشدار لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بوونەتە قوربانیی دەستدرێژی سێکسی، دەستدرێژی بەکۆمەڵ و توندوتیژیی دیکە.

لەم ڕاپۆرتەدا لێدوانی ٤٥ خۆپیشاندەری تەمەن ١٢ تا ٤٨ ساڵ لە منداڵ، ژن و پیاو بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئامانجی ڕێژیم لەم توندوتیژی و ئەشکەنجەدانە بێدەنگکردنی خۆپیشاندەران و تێکڕووخانی دەروونیان بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە دەستدرێژی و جۆرەکانی توندوتیژیی سێکسی و لێدانیش بەشێک لە ئەشکەنجەکە بووە، هێزەکانی ڕێژیم قامچییان له خۆپیشاندەران داوە، شۆکی کارەباییان لێ داون و ماددەی هۆشبەریان پێ داون، دەستبەسەریان کردوون و برسی و تینوویان ڕاگرتوون.

لێبوردنی نێودەوڵەتی نووسیویەتی دادستان و دادوەرانی ئێران لە بێدەنگکردنی سکاڵای قوربانییانی دەستدرێژی سێکسی، نەک هەر هاودەستی ڕێژیم بوون، بەڵکوو لە دانپێدانانی زۆرەملێ کە لەژێر دەستدرێژی و ئەشکەنجەدا بەدەستیان هێناوە بۆ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و زیندانیکردن لە دژی خۆپیشاندەران کەڵکیان وەرگرتووە.