کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ کەریمی: ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی وڵاتانی عەڕەبی لەگەڵ ئێران نەگەیوەتە ئاستێک قازانجی بۆ ئێران هەبێت

18:47 - 16 سەرماوەز 2723

کەماڵ کەریمی: ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی وڵاتانی عەڕەبی لەگەڵ ئێران نەگەیوەتە ئاستێک قازانجی بۆ ئێران هەبێت

 

ئاماژە: دوای دوو مانگ شەڕی ئیسڕائیل و حەماس ڕەوتی ڕووداوەکان بەرەو کوێ دەچێ؟ ئێران چەندە توانی پلانەکانی بۆ ئەو شەڕە سەرکەوتوو بن و ئایا ئەو شەڕە لەو بازنەیەدا قەتیس دەبێ یان بە ئەگەری زۆرەوە پەلکێشی شوێنەکانی دیکەی ناوچەکەش دەکرێ؟ کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ "کورد کاناڵ" لێکدانەوەی وردی بۆ ئەو بابەتە کردوە و "کوردستان" کاکڵ و پوختەی ئەو باسەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

 

گرینگترین سەرنجەکان لەسەر شەڕی غەززە؟

من پێم‌وایە ئەو شەڕە لە سێ لایەنەوە دەکرێ باس لە خاڵە گرینگەکانی بکەین. یەکەم، مەسەلەی خودی ئیسراییل و حەماس. دوویەم، کێشە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەو شەڕە و دواتر ڕۆڵ و هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەوەی پێوەندی بە کۆماری ئیسلامییەوە هەبێ، هەرچەند ئەوان لە سەرەتاوە شاگەشکە بوون کە حەماس بتوانێ بچێتە نێو بەشێک لە خاکی ئیسراییلەوە و بتوانێ خەڵکێکی زۆر بکوژێ و خەڵکێکی زۆر بەبارمتە بگرێ و، ئەوەیان وەکوو دەسکەوتێک لە سیاسەتەکانی خۆیاندا پێشان دەدا، بەڵام لە ڕۆژەکانی یەکەمی شەڕ بەدواوە ئێمە دەبینین ئێران هەر پاشەکشە دەکا.

حەوتووییەک پێش دەستپێکردنی شەڕەکە خامنەیی ڕوو لە وڵاتانی عەڕەبی گوتی، ئێوە لەسەر ئەسپی تۆپیو گرێوتان کردوە و ئیسراییل نامێنێ. ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، پەیامی خۆشی و شادیی ڕاگەیاند. بەڵام دوای هێرشی ئیسراییل و پاشەکشەی حەماس حاشا ئاگایان لەو هێرشەی حەماس بووبێ و لەو بەرپرسایەتییە کە کەوتووەتە سەر شانیان خۆیان دزییەوە. هەموو ئەوانە دەرخەری ئەوەن کە یەکێک لە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسراییل،  ئەوە بوو نەهێڵێ پەیماننامەی ئیبڕاهیم لەنێوان ئیسراییل و وڵاتانی عەڕەبی سەر بگرێ و لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو. خاڵی دوویەمیش ئەو گوشارە قورسە بوو کەوتە سەر ئێران. دوای ئەوەی ئەمریکا هێزێکی زۆری هێنایە ناوچەکە و، تەنانەت دوای ساڵانێکی درێژ ئینگلیستانیش ناوێکی شەڕکەری ناردە ناوچە، ئەوە بەجۆرێک دەتوانین بڵێین هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەر ئێران. لەگەڵ ئەوەی ئەمریکاییەکان ڕایانگەیاندووە نایانەوێ ئێران ئێران ڕاستەوخۆ بێتە نێو شەڕەکە. بەڵام دەبینین ئەمریکا لەو ماویەدا بەردەوام پێگەکانی سپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی لە سوورییە و عێڕاق، بۆمباران کردوە. بۆیە  کۆماری ئیسلامی بەگشتی چ لە بواری جێخستنی پلانەکەی  لە شەڕی حەماسدا، لە بواری دیپلۆماسی و چالاکییە دیپلۆماتیکەکانی، لە بواری هاندان و چالاککردنی گرووپە نیابەتییەکانی لە هەموویاندا شکستی خواردوە.

دوورەدیمەنی شەڕی غەززە

یەکێک لە مەبەستەکانی ئیسراییل لە بەردەوامیی شەڕی غەززە لەلایەن ئیسڕائیلەوە هەوڵدان بوو بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکانیان، ئەو دووسەد کەسەی کە حەماس گرتبوونی و لەگەڵ خۆیان بردبوویاننە غەزە. بەڵام دوایە دەرکەوت کە ئامانجەکە ئەوە نییە کە تەنیا بچێ بارمتەکان ئازاد بکات و ئامانجەکە گەورەتە لەوە و دەیانەویست بەتەواوی ژێرخانە ئابووری و توانا نیزامییەکانی حەماس لەنێو ببەن کە هەر وەکوو دیتمان بەداخەوە ئاکامی شەڕەکە وێرانیی تەواوی غەزە بوو. ئێستا دوای ئاگربەستەکە و گۆڕینەوەی بارمتەکان دۆخێکی دیکە ئارادایە و ڕۆڵی قەتر گرینگە. قەتەر یەکێک لەو وڵاتانە کە بەجۆرێک پشتیوانی لە حەماس دەکا و هەڵوێستی جیاوازی لەگەڵ وڵاتانی دیکە عەڕەبی هەیە و، دەرکەوت کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی توانییان لە ڕێگای قەترەوە کاریگەرییان هەبێ لەسەر حەماس بۆ ئەوەی قبووڵی بکات کە بەشێک لە بارمتەکان ئازاد بکات. لەڕاستیدا ڕەنگ بێت ئەگەر ڕستەیەکی خامنەیی وەبیر بێنینەوە کە دوای ئەوەی ئیسرایلییەکان ئەو هەموو بارمتەیان گرت، خامنەیی گوتی لەو شارۆچکانە ئیسراییل دروستی کردوون، مرۆڤی سێڤیلی تێدا نییە و هەموو نیزامین. یانی بەو جۆرە حەماس کەسیی مەدەنیی بەبارمتە نەگرتووە و ئەمەش بەجۆرێک شکستێکە بۆ ئێران، چونلی لەوەدا ڕێژیمی ئێران هیچ ڕۆڵێکی لە باسەکەدا نییە. بەڵام بە بڕوای من ئازادکردنی بارمتەکان کۆتایی شەڕەکە نییە. بەڵکوو ئەوەی کە ئیسراییل مەبەستیەتی کورت‌کردنەوە دەستی ئێران لە دورووبەری سنوورەکانی خۆیەتی و هەر بۆیە ئەگەر پێشبینیی ئەوە بکرێ ڕۆژێک بەهۆی حیزبوڵڵاوە ئەم شەڕە دروست بێتەوە، ڕەنگە هەر ئەو وێرانییانە تووشی لوبنانیش بکرێ. دەزانین کە یەکێک لەو نیگەرانیانە کە لە وڵاتانی دەرەوە هەبوو، چۆڵکردنی بەشێک لە باڵوێزخانەکان بوو لە لوبنان کە ئەوانیش ئەو ئەگەرەیان لەبەرچاو بوو کە لەوانەیە بەجۆرێک حیزبوڵڵا بچێتە نێو شەڕەکەەوە و ئیسراییل هێرش بکاتە سەر لوبنانیش. یان جۆرێک گوشارێکی سیاسی لەسەر حیزبوڵڵا کە بڵێ ئەوە ئێمە دەڕۆین و ئەگەر تووشی شەڕ بوون گرفتەکە هی خۆیانە.

شەڕەکە لە غەززە قەتیس دەمێنێتەوە یان پەلکێشی ناوەچەکانی دیکە دەکرێ؟

یەکێک لە چاوەڕوانییەکان لە درێژەی ئەو شەڕەی حەماس ئەوە بوو لەوانەیە ئێران بە جۆرێک دەرگیری ئەو شەڕە ببێ. بەڵام ئێران هەڕەشەکانی زوو هەست پێ کرد و زوو پاشەکشەی کرد. یەکێک لە باسەکان ئەوەیە ئایا ئاوا بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، حەماسێک کە ئێران ڕاستەخۆ پشتیوانیی لێ دەکرد و ئێستاش ئەگەر بە قسەش بێ لەباری سیاسییەوە پشتیوانی لێ دەکا، وەختێک بە بەرچاوی هەمووی جیهانەوە ئێران ئاوا پاشەکشە دەکا ئایا ئەوە لەسەر هەڵوێستی گرووپە نیابەتییەکانی تر کاریگەرییان دەبێ یان نابێ؟ ئایا لێدانی ئەمریکا لەو گرووپە نیابەتییانە لە جێیەک ئەو گوشارە دەخاتە سەر ئەو گرووپانە داوا لە ئێران بکەن بۆ پشتیوانی؟ ئایا ئێران ئەو پشتیوانییە دەکا و دێ پشتیوانی ڕاستەخۆ بکات و ڕووبەڕووی هێزەکانی ئەمریکا بێتەوە یان نا؟ ئێران لەچوارچێوەی ستراتیژییەکانی هەوڵ دەدا شەڕەکانی خۆی لە دەرەوی سنوورەکانی خۆی بکات. بە بۆچوونی من ئێران نایهەوێ ڕاستەخۆ خۆی دەرگیر بکات لەگەڵ ئەو کێشانە، بەڵام کارەکە بەوەندە نابڕێتەوە و لێدانی ئەم گرووپە نیابەتییانە و ئەو شوێنانە درێژەی دەبێ، من بڕوام ئەوەیە کە ئەگەر ئیسراییل بتوانێ ئەوەی کە ئامانجییەتی حەماس لەنێو بەرێ، مومکینە ئاوڕ بداتەوە سەر سووریە بۆ لێدانی ئەو گرووپە نیابەتییانەی ئێران کە لە نیزیک سنوورەکانی جێگیر بوون. لەمەدا ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسراییل دەکا و هیچ شک لەوەدا نییە. بەڵام ئێران تا کەی تەحەموولی ئەوە دەکا بە بەرچاویانەوە، گرووپە نیابەتییەکانیان ئاوا لەنێو بچن؟ ڕاستییەکی ئێران دەبێ یا واز لەو ستراتیژییە بێنێ کە ٤٠ ساڵە بەدواوەیەتی، و ئەو گوشارانەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن قبووڵ بکات. یا نا لەژێر سێبەری سیاسەتەکانی ڕووسیەدا دەمێنێتەوە و مومکینە لە کۆتاییدا درێژەی ئەو تێکهەڵچوونانە کە لەنێوان ئەمریکا و گرووپە نیابەتییەکانی ئێران لە ناوچەدا هەیە، لە جێیەک ئێران دەرگیر بکات. من بۆخۆم بەدووری نابینیم هەرچەند بە قەولێک بڵێین سیاسەت شتێک نییە کە مرۆڤ بیهەوێ نەقشە بۆ شوێنی دیکە و بۆ وڵاتانی دیکە دابڕێژی، بەڵام ئەو ناسیاوییە کە دەتوانین لە کۆماری ئیسلامی وەدەستی بێنین، لەگەڵ ئەو هەموو موحافزەکارییە لە سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا لە کۆماری ئیسلامی و لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدا هەیە، بەڵام درێژەی ئەو تێکهەڵچوونانەی ئەمریکا و ئیسراییل دواجار ئێران دەرگیری ئەو شەڕ و کێشە ڕاستەوخۆیە دەکەن.

کاریگەریی وڵاتانی عەڕەبی لە یەکلاکردنەوەی شەڕی غەززە

ئاشكرایە عەڕەبەکان بەگشتی و لە سەرووی هەموویانەوە عەڕەبستانی سعوودی، میسر و ئۆڕدۆن بە جیدی پشتیگیری لە مەسەلەی فەلەستین دەکەن. یانی ئەو سێ وڵاتە کە لە باری سیاسییەوە ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە لەو ناوچەیەدا  پشتگیری مەسەلەی فەلەستین دەکەن و حەقیشە پشتگیری بکەن. ئەوەی کە لەمێژە و لە سەردەمی "یاسر عەڕفات" و "ئیسحاق ڕابین"دا ە ڕێککەوتن گەیشتن، بەدوای جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەوە هەن. کێشەی جێبەجێ نەبوونی ئەو ڕێککەوتنە لەلایەک کۆماری ئیسلامییە و کاریگەری کۆماری ئیسلامی بە دروستکردنی گرووپی وەکوو حەماس لەنێو فەلەستینییەکاندا، بەهێزکردنیان و بەهێزکردنی حیزبوڵڵا لەپەنا سنووری ئیسراییل، لەلایەکیش حەتمەن ئەوە لەنێو جووەکانیشدا هەیە گرووپی ئیفراتی و بۆچوونی ئیفراتی هەن کە باوەڕیان بە دەوڵەتی فەلەستین نییە و پێیان وایە ئەوە هەموو خاکی ئیسراییلە. لەڕاستییدا ئەم دوو فکرە لەهەر دوو جەهەتەوە هەم لەلایەن کۆماری ئیسلامییە و هەم لەلایەن توندڕەوەکانی جولەکاکانەوە وای کردوە ئەو مەسەلەیە هەروا بمێنێتەوە، ئەوان گوشار دێنن ئەوە جێبەجێ نەبێ و کۆماری ئیسلامیش لەولا بۆ ئەوەی کە دژی ئیسراییل بتوانن درێژە بەشەڕ بدەن و و ئەوە سیاسەتی هەمیشەیی خۆیان کە پێیان وایە ئیسراییل دەبێ لەنێوبچێ بیگەیەننە ئەو نوقتەیە. وڵاتانی عەڕەبی بەگشتی دەرکی ئەوەیان کردوە و ئەوان بەدوای ئەوەوەن مەسەلەی فەلەستین بەجۆرێک لە پەنا ئیسراییلدا چارەسەر بێ و بە جۆرێک پشتیوانییان لە ئیسراییل کردوە، هەروەکوو بەگشتی پشتیوانی لە دەوڵەتی مەحموود عەباس دەکەن. بەڵام ئەوەی کە ئەمجارەیان ئەوان ئەو هەڵوێستانەیان گرت، لەڕاستیدا لێکدانەوەی دروستیانە لە سیاسەتەکانی ئێران لەو شەڕەدا. ئەوان دەزانن کە ئەمە ئێرانە و کۆماری ئیسلامییە کە ئەم کێشانە دروست دەکا. ئەوان دەزانن کە ئەو شەڕە شەڕی ئەوانوەک دنیای عەڕەب نییە، و شەڕی فەلەستینییەکانیش نییە لەڕاستیدا، بەڵکوو شەڕی ئێرانە کە لە ناوچەدا سازی دەکا. بۆیە بەرژەوەندییە ئابووری و ستراتیژییەکانی وڵاتانی عەڕەبی ناخوازی وەکوو ساڵی ١٩٧٣ شەڕ لەگەڵ ئیسراییل بکەن.

بۆچی وڵاتانی عەڕەبی سەرباقی ئەوەی دەزانن سەرچاوەی هەموو قەیرانەکان ئێرانە تێکڕا پشت لە ئێران ناکەن و هەوڵ دەدەن پێوەندییەکانیان لەگەل ئێران ئاسایی بن؟

مەسەلەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانە. خۆ ڕەنگە بە تێکنۆلۆژی ئێستا ئەوان دەرەقەتی ئێران بێن، بەڵام وڵاتانی بەهێزی وەکوو سعوودییە، ئیمارات، کوویت و وڵاتانی دیکەی کەنداو شەڕ لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نابینن. ڕەنگە بەشێکی لەژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی ئێستای ئەمریکادا بۆ لاوازکردنی ئێران هەوڵ بدەن و ڕەنگبێ ئەو سیاسەتە ێ هیچ ئاکامێکی نەبێ. چون کۆماری ئیسلامی ئەو گۆرانکارییانە قبووڵ ناکا، بەتایبەت کە سێبەری سیاسەتی ڕووسیە بەسەر کۆماری ئیسلامی پێش بەوە دەگرێ کۆماری ئیسلامی ڕاحەت بیر لە خۆی بکاتەوە بۆ ئەوەی کە لەگەڵ ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریکا بەرەو ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی بڕوا. بۆیە وڵاتێکی وەکوو ئیماڕات و سعوودی کە بەرژەوەندی ئابوورییان یەکجار زۆرە، پاراستنی ئەوە و درێژەدانی ئەوە بەشێکە لەو بیرۆکەیە کە سیاسەتێکی ئارام لە ناوچەدا ڕەچاو بکەن بۆ ئەوەی تووشی کێشە و شەڕ نەبن. ئێرانیش لەڕاستیدا وڵاتێکە بەردەوام هەڕەشە دەکا، ئەمەیە کە ئەوان زۆرتر هەوڵ دەدەن پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە لەوە گرژتر نەبێ، لەگەڵ ئەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران تا ئێستاش نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە کە قازانجێک بە ئێران بگەیەنێ. لەڕاستیدا ئاساییکردنەوە پێوەندییەکان نەبۆتە هۆی ئەوەی پڕۆژەی هاوبەوشیان هەبێ، نەبۆتە هۆی ئەوەی لە ئێراندا وەبەرهێنان بکەن ئێران بتوانێ لەو سەرمایەگوزارییانە کەلک وەرگرێ. ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان تەنیا بۆ خۆدوورخستەنەوە لە شەڕێک بووە کە ئەگەری هەیە لە ناوچەدا ڕوو بدات.