کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بە ڕێژەی لەسێدارەدرانەکان هۆشداریی دا

12:07 - 11 سەرماوەز 2723

یه کیەتیی ئورووپا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، خێرایی لەسێدارەدانەکان له ئێرانی به "ترسناک" ناو برد و خوازیاری ڕاگرتنی ئەو سزایە بوو.

یەکیەتیی ئوروپا لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەسەر دژایەتیی یەکلاکەرەوەی ئەم ڕێکخراوەیە دژی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان کردووە.

لەم بەیاننامەیەدا سزای لەسێدارەدان بە سزایەکی دڕندانە و نامرۆڤانە ناو دەبردرێت کە ناتوانێت پێش بە ئەنجامدانی تاوانێک بگرێت و نکۆڵیکردنێکی قبوڵنەکراو لە کەرامەتی مرۆڤە.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش بە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدرانی زیندانییانی دیکە، هۆشداری داوە.

ئەم ڕێکخراوەیە وێڕای ئاماژە بەوەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٥٨٢ کەس لە گرتنگەکانی ڕێژیمی ئێران لە سێدارە دراون، ئاماژەی بەوە کردووە کە میدیا نێوخۆییەکان تەنیا  هەواڵی لەسێدارەدرانی ٧١ کەسیان بڵاو کردووەتەوە.

شایانی ئاماژەیە کە تەنیا لە ڕۆژی سێشەممە ٧ سەرماوەزدا سێ هاووڵاتی کورد لە زیندانی ناوەندی ئیلامدا لە سێدارە دراون و ئەم ڕەوتە لە کوردستان و سەبارەت بە زیندانییانی سیاسی، مەترسیدارترە.