کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار لە هەموو خوێندکارانی ئازا و بوێری کوردستان و ئێران پیرۆز بێ.
خوێندکارانی بەهەڵوێست و بوێری کوردستان و ئێران لە ماوەی بزووتنەوەی ژینادا هاوشانی هەموو چین و توێژەکان دژی هەر چەشنە سەرەڕۆیی، چەوسانەوە و فاشیزمێک، لە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان دەنگی خۆیان هەڵبڕی و هاتنە مەیدان. بە بەردەوامی زانکۆکان سانسۆر، چاودێری و گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانیان بەسەرەوە بووە و بەشێکی زۆری خوێندکاران ناچار بوون وڵات بەجێ بێڵن و لە هەندەران بگیرسێنەوە. بەو حاڵەشەوە، بزووتنەوەی خوێندکاری سەرەڕای دۆخی داخراوی سیاسی، دەنگێکی بەزر بووە لە دژی ستەم و دیکتاتۆری.
لەم ڕۆژەدا، ئاواتەخوازم هەموو خوێندکارانی کوردستان و ئێران لە کەشێکی ئازاد و دێموکراتیکدا پەرە بە خوێندن و زانست بدەن و لە داهێنان، پێشکەوتن و زانست بێبەش نەکرێن و وەک هێزێکی بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە تێکۆشان و چالاکییەکانیان بەردەوام بن.
بەو هیوایەی داهاتووی کوردستان و ئێران بە چرای زانست ڕووناکتر ببێتەوە
مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی