کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی پارلەمانی ئورووپا، سەبارەت بە ڕێگریکردنی ڕێژیم لە چوونەدەرەوەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، ناڕەزایەتی دەربڕی

17:09 - 19 سەرماوەز 2723

ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پارلەمانی ئورووپا، ڕۆژی شەممە، ١٨ سەرماوەز، دوابەدوای ڕێگریکردنی ڕێژیمی ئێران لە چوونەدەرەوەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف، لە لاپەڕەی ئیکسی خۆیدا نووسی: داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکەم پێداچوونەوەیەک بە بڕیارەکەی خۆی بۆ ڕێگریکردنی لە سەفەری بنەماڵەی ژینا ئەمینیدا بکات.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە بنەماڵەی ژینا ئەمینی، دەبێ ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە بنکەی یەکیەتیی ئورووپا لە ستراسبۆرگ بن. ناوبراو لەم پەیامەدا نووسیویوتی: ناکرێ ڕاستییەکان بێدەنگ بکرێن.

بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٨ی سەرماوەز، بڕیار بووە بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ بەشداریکردن لە ڕێورەسمی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆف بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە پارلەمانی ئورووپا، سەردانی وڵاتی فەرانسە بکەن، بەڵام هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە فڕۆکەخانەی خومەینیی شاری تاران پێشیان پێ گرتوون.

ئەم بەشداریکردنە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی پەرلەمانی ئورووپا بووە بەڵام هێزەکانی ڕێژیم بە موژگان ئێفتخاری، ئەمجەد ئەمینی و ئەشکان ئەمینیان ڕاگەیاند کە ڕۆیشتنیان بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە کراوە و لە فڕۆکەخانە دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گرت.

هێزەکانی ڕێژیم پاش زیاتر لە یەک کاتژێر لێپرسینەوە لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی، تەنیا ڕێگەیان بە ساڵح نیکبەخت پارێزەری بنەماڵەکە دا کە بچێتە دەرەوە و بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی ئەمینی خەڵاتەکە وەربگرێ.

ڕێگریکردنی ڕێژیم لە چوونەدەرەوەی بنەماڵەی ئەمینی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف، کاردانەوەی جیهانیی بەدواوە بووە.