کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆسییەی ڕەزا ڕەسایی ڕادەستی بەشی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای کرماشان کرا

17:34 - 11 بەفرانبار 2723

دۆسییەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە لەسێدارەدان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، ڕادەستی بەشی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای سزاکانی کرماشان کراوە کە ئەمە مەترسیی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە سیاسییەی زیاتر کردووەتەوە.

کوردپا ڕایگەیاندووە کە بەهمەن ڕەیحانی، فەرماندەی سپای نەبی ئەکرەمی پارێزگای کرماشان، خوازیاری جێبەجێکردنی خێرای سزای لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەساییە.

لقی ١٧ی دیوانی باڵای رێژیم، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد بارانی"، ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز، بە ڕەتکردنەوەی بەرگرییەکانی ڕەزا ڕەسایی، سزای لەسێدارەدانی ناوبراوی پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، خەیروڵڵا حەقجوویان، چالاکی مەدەنیی یارسان، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک وەکوو کەفیلی ڕەزا ڕەسایی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر شکاندنی بێدەنگی لەمەڕ دەرکرانی سزای لەسێدارەدران دژی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕەخنەی لە دەنگی بەناحەقی دادوەر، دادڕەسیی نادادپەروەرانە دژی ڕەزا ڕەسایی و دەرکرانی سزاگەلێک کە لای ناوەندە ئەمنییەتییەکان بووەتە باو، گرتووە.

ئەم ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، بە ئاماژە بە دەرکرانی حوکم بە بێ سەلماندنی تاوان دژی ڕەزا ڕەسایی، سەبارەت بە دۆسییەی ناوبراو دەڵێ: دەسبەسەکرانی سەرەڕۆیانە، دەسپێڕانەگەیشتنی ڕەزا ڕەسایی بە پارێزەر و هەروەها دۆسییەکەی، ئەندازیاریکردنی بیری گشتی، ناڕوونیی شایەتحاڵان و بەڵگەکان، کەڵکوەرگرتن لە شایەتحاڵی درۆیین وەکوو تاوانبار و هاندانیان دژی یەکتر و هەڕەشە و دانپێدانانی زۆرەملێ، نیشاندەری ناداداپەروەرانەبوونی ڕەوتی دادڕەسی و ڕووننەبوونەوەی ڕاستییەکانە.

ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵی یارسان، خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە ڕێبەرانی کوردی یارسان و لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی دەسبەسەر کرا و دواتر بە لەسێدارەدران، پێبژاردنی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرا.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ناوبراو، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ بووە و سزای لەسێدارەدرانەکەشی ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بە شێوەی نووسراو بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندرا.

ڕەزا ڕەسایی لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگادا هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردووەتەوە و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگاییدا بە هۆی "ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژی" ناچار بە دانپێدانی زۆرەملێ کراوە.