کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی دەسبەسەرکرانەکان لە کوردستان بەردەوامە

11:55 - 19 بەفرانبار 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، کاژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی سیامەند مینا لە گوندی گردەبەردانی مەهاباد و دوای پشکنینی ماڵەکەی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و کۆمەڵێک کەرەستەی تاکەکسەیی خۆی و کوڕەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە ماوەێ ڕۆژانی ڕابردوودا، ٤ هاووڵاتی بە ناوەکانی مەنسوور نیکزاد، ئیدریس پەرویزی خەڵکی گوندی خانلەر،  ئاسۆ محەممەدی دانیشتووی گەڕەکی تاچیناوێ و جبرەئیل ئەحمەدپوور، خەڵکی گوندی گردگشانەی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

هێزە ئەمنییەتییەکانی سپا بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و هاوکات لەگەڵ بێڕێزیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەکەیان، بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردوون.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژەی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان لە شارەکانی کوردستان بەرز بووەتەوە، ڕێژیم لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بە بیانووی جیاواز و بە مەبەستی سەرکوتی زیاتر بەردەوامە.