کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەشت هاووڵاتیی کورد لە ئیلام سەرجەم سزای ٦٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا

11:13 - 20 بەفرانبار 2723

هەشت هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی ئاودانان، دێهلوڕان و دەڕەشار کە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کرابوون، سەرجەم سزای ٦٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆڕاگری، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانبار، سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی ناسر ڕەزایی، وەحید چاوەران و محەممەد حەسەن حاسڵی کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ئیلامەوە، هەرکام سزای ١٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. بەپێی سزاکەیان ئەو سێ کەسە بۆ بەندیخانەکانی کرمان، زاهێدان و مەشهەد دوور دەخرێنەوە.

هەروەها عەزیم یادگاری و سەعدوڵڵا ئایینی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی دێهلوڕان هەر کام سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. حوسێن باپیروەند و فەرشاد ئایینیش دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی دێهلوڕان و دوکتۆر بەختیار محەممەدزادە خەڵکی دەڕەشار هەرکامیان سزای دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو هەشت هاووڵاتییە بێجگە لە وەحید چاوەران کە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە کاتی ڕۆیشتنە دەرەوە لە ئێران دەسبەسەر کرابوو، ساڵی پێشوو و هاوکات لەگەڵ ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون و لە کاتی دەستبەسەربوونیاندا چەند جار بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین سەبارەت بە ناڕوونیی چارەنووسیان، مانیان لە خواردن گرتبوو.

وەحید چاوەران، ناسر ڕەزایی و محەممەد حەسەن حاسڵی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگیراون و ئەوانی تر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.