کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژران و بریندار بوون

12:02 - 20 بەفرانبار 2723

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی بانە کوژران و کۆڵبەرێکیش لە سنووری نەوسوود بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانبار، کۆڵبەریکی تەمەن ٣٣ ساڵ بەناوی "شۆڕش خەرگوشی" و دانیشتووی گوندی "زێوەجوک" سەر بە ناوچە سەڵماس لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری هەنگەژاڵ کوژرا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم کۆڵبەرە کوردە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە دوو فیشەکی شەڕکەر سینگی پێکراوە .

هەر  لەو پێوەندییەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار، میرزا ئەحمەدی، تەمەن ٤٣ ساڵ و کۆڵبەر خەڵکی گوندی "هەنجێنە"ی سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری ''زڵێ'' کوژرا.

شایانی باسە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەم دوو کۆڵبەرە کردووە و  تا ئێستا تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی "ئەمیر ئیلاهی" لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کرایە ئامانج و بە سەختی لەلای  شانیەوە بریندار بوو .

ئەم کۆڵبەرە گەنجە بۆ چارەسەری پزیشکیی بۆ نەخۆشخانەی ڕەسووڵ ئەکرەم لە شاری جوانڕۆ گوستراوەتەوە و باس لەوە دەکرێت کە دۆخی تەندروستیشی ناجێگیرە.