کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتریش/ بەشداریی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە بەرنامەیەکی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئوتریش

12:47 - 23 بەفرانبار 2723

بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش، بەشداریی لە بەرنامەیەکی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئەم وڵاتە لەژێر دروشمی "گەڕانەوە بۆ دادپەروەری" کرد کە بە مەبەستی باسکردن لەسەر دامەزراندنی ڕێکخراوێک بۆ چالاکانی ئازادیخواز و دژە فاشیستی لەم ناوچەیە بەڕێوەچوو.

محەممەد فەقێ‌عەلی بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش لە درێژەی ئەم بەرنامەیەدا، لەگەڵ شتێفان هینتەربێرگەر بەرپرسی سۆسیال دێموکراتەکان لەم ناوچەیە و هاوکاری گروپی پارلمانتارانی وڵاتی ئوتریش و پاتریک ئێبر بەڕێوەبەری کاروباری ئیداری حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئوتریش لەم ناوچەیە، کەوتە گفتوگۆ و سەبارەت بە کوردستان و هەوڵ و تێکۆشانی دەیان ساڵەی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان لە وڵاتێکی وەک ئێراندا قسەی کرد.

محەممەد فەقێ‌عەلی لە درێژەدا باسی لە شۆڕشی ژینا کرد و بنەماکانی ئەم شۆڕشەی وەک شۆڕشێکی دژی فاشیزمی مەزهەبی لە ئیران پێناسە کرد و وتی: گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی دیان ساڵە بە دژی ئەم فاشیزمە خەبات دەکەن و نرخێکی زۆریشیان لە پێناوی گەیشتن بە بنبڕکردن ئەم شێوە لە فاشیزمە داوە. ئێستاش ئەم شۆڕشە لە هەموو دنیا دیارە، بەڵام فاشیستەکانی دەسەڵاتدار لە ئێران بەداخەوە زۆر بێڕحمانە کەوتوونەتە گیانی ئازادیخوازان و ڕۆژ نییە کە چەند کەسێک لە سێدارە نەدەن و یان خەڵک دەسبەسەر نەکەن.

لە کۆتاییدا شتێفان هینتەربێرگەر و پاتریک ئێبر، هیوایان خواست کە نوێنەری حیزب لە دانیشتنەکانی داهاتوویاندا زیاتر لەسەر کورد و ئێران بۆ ئەندامانیان بدوێ و بەرچاوڕوونیی زیاتریان پێ بدات.