کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر چوار زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم کرد

17:35 - 23 بەفرانبار 2723

جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، دەرکردنی سزای لەسێدارەدران بۆ چوار زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی بەفرانبار، ئابرام پیلی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، دەرکردنی سزای لەسێدارەدران بۆ چوار زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم کرد و داوای لە بەرپرسانی ڕێژیم کرد کە هەموو ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە بە ناڕەوا دەسبەسەر کراون ئازاد بکات و واز لە سەرکوتی خەڵک بهێنێت.

ئابرام پیلی هەروەها ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ بێدەنگکردنی دژبەرانی سیاسی و ناڕازییان کەڵک لە تۆمەتی بێبنەما و نادروست، دانپێدانانی زۆرەملێ و داداگاییکردنی نادادپەروەرانە وەردەگرێت.

سزای لەسێدارەدرانی چوار زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "موحسن مەزڵووم، پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار و هەژیر فەرامەرزی" کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەرکرابوو، لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

ئەم چوار کەسە ڕۆژی یەکی گەلاوێژی ١٤٠١، لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری ورمێ دەسبەسەر کران و لە دادڕەسییەکی نادادپەروەرانەدا لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران بە تۆمەتی "موحاربە و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران مەحکووم کران.