کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ١٨ی ڕێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ سەبارەت بە لەسێدارەدانی ٤ زیندانیی سیاسی لە ئێران

17:04 - 24 بەفرانبار 2723

لە درێژەی مەحکوومکردنی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسی لە ئێران، ١٨ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە لەسێدارەدانی نزیک بە چوار بەندکراوی سیاسیی کورد هۆشدارییان دا و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕێوشوێنی خێرا بۆ ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانەکان بگرنەبەر.

دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ مۆحسن مەزڵووم، پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار و هەژیر فەرامەرزی دەر کردووە.

ئەم ١٨ ڕێکخراوە لە درێژەی بەیاننامەکەیاندا، دانیشتنەکانی دادگاییکردنی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردەیان لە دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی بە پێشێلکردنی توندی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و ڕەوتی دادوەری بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان زانیوە.

ئەم ١٨ ڕێکخراوە هۆشداریشیان داوە کە بەهۆی پەسەندکردنی بەپەلەی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو چوار کەسە لە میانەی هەڵمەتی ڕێژیم بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن و ترساندنی کۆمەڵگەی ئێران بە زیادکردنی ژمارەی ئێعدامەکان، مەترسیی جێبەجێکردنی دەستبەجێی حوکمی لەسێدارەدان، هەڕشە لە گیانیان دەکات.

ئەو ١٨ ڕێکخراوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە زۆر کەسی دیکە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و ئێران لە بواری لەسێدارەدانی هاووڵاتییان پلەیەکی بەرزی لە جیهاندا تۆمار کردووە.

ئەو ١٨ ڕێکخراوە نووسیویانە: بەکارهێنانی بەربڵاو و نایاسایی ڕێژیمی ئێران لە سزای لەسێدارەدان، سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکانی کارناسانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێ وەستان درێژە بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەدات. مەگەر ئەوەیکە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە جۆرێک تێچووی سیاسیی ئەم کارە بۆ کۆماری ئیسلامی زیاد بکەن.