کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی بنەماڵەی ٤ بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەردەم بەندیخانەی ئێڤین

12:40 - 25 بەفرانبار 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانبار بنەماڵەی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، لە بەردەم بەندیخانەی ئێڤین کۆ بوونەوە.

بەپێی زانیارییەکان بنەماڵەی چوار بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، مۆحسن مەزڵووم و محەممەد فەرامەرزی، لەگەڵ پارێزەرەکانیان لە بەردەم بەندیخانەی ئێڤین لە تاران کۆ بوونەوە و خوازیاری دادگایەکی ئاشکرا و مافی چاوپێکەوتن و  ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی کوڕەکانیان کرد.

هەروەها چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە نزیکانی ئەم چوار بەندکراوە بڵاو بووەتەوە کە داوا لە خەڵک و کۆمەڵگەی جیهانی دەکەن تاکوو ڕێگری لە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار کەسە بکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا ناوەندی نووسەرانی ئێران ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانبار لە بەیاننامەیەکدا داوای هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار زیندانییە و ڕەزا ڕەسایی و موجاهێد کوورکووری کرد.

سزای لەسێدارەدرانی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک دەسبەسەرکران و بێسەروشوێنبوونیان لە بێدەنگیی تەواودا دەر کراوە و دۆسییەکەیان بۆ پشتڕاستکرانەوەی حوکمەکە، ڕەوانەی دیوانی باڵای ڕێژیم کراوە.