کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکان و هاوپەیمانیی گشتگیر: پەرەسەندنی لەسێدارەدانەکان لە ئێران نیشانەی ترسی کۆماری ئیسلامی لە ڕووخانە

19:52 - 25 بەفرانبار 2723

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بەردەوامیی لەسێدارەدانەکان لە ئێرانیان مەحکووم کرد.

لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بە دامرکانی شۆڕشی ژینا و پەرەسەندنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمەوە لەوانە، دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، کوشتن و تێرۆر، ئەشکەنجە و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان کراوە.

لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: هەموو ئەم جینایەتانە، هەوڵی حکوومەتی ئیسلامی بۆ مانەوە لە دەسەڵاتە. ڕێژیم بە باشی دەزانێ کە لە نێوان زۆرینەی خەڵکی ئێراندا هیچ پاڵپشتێیەکی نەماوە و لەم ڕووەوە ساڵانێکە بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێکخراوە جیاوازە ئیتلاعاتی و نیزامییەکان و بە دروستکردنی ترس و تۆقاندن، درێژە بە ژیانی بێشەرمانەی خۆی دەدات. بەپێی ئەم سیاسەتە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بینەری لەسێدارەدرانی لاوانێک بووین کە بە تۆمەتی ساختە لەلایەن دەزگا دادوەری و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە گیانیان لەدەست داوە.

ئەم دوو ڕەوتە سیاسییە لە درێژەدا ئاماژەیان بە ئامارەکانی لەسێدارەدرانەکان لە ئێراندا کردووە و ڕایانگەیاندووە کە تا مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ لانیکەم ٥٣٤ کەس لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون کە ١٣ کەسیان ژن بوون و بەگشتی ئاماری لەسێدارەدرانەکان هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتووەتە ٧٩٠ کەس.

بە وتەی ئەم دوو ڕەوتە سیاسییە، میدیا فەرمی و نێوخۆییەکانی ڕێژیم تەنیا ١٣ لەسەد واتە ٧١ حاڵەتی لەسێدارەدانەکانیان ڕاگەیاندووە و بەپێی ئامارەکان ڕێژەی لەسێدارەدرانەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ٢٥ لەسەد زیادی کردووە.

لە دریژەی ئەم بەیاننامەیەدا ئاماژەیان بە بەردەوامیی ڕێژیم لە سیاسەتە شەڕەنگێزانەکەی خۆی لە ناوچە و پشتیوانی لە حەماس و حیزبوڵڵا و حوسییەکان و هەروەها پەرەدان بە سەرکوت لە نێوخۆی ئێران لە ترسی پەرەسەندنی بزووتنەوە نێوخۆییەکان کردووە.

لە کۆتاییدا ڕایانگەیاندووە ئێمە وەکوو کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ و هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران، دژایەتیی خۆمان لەگەڵ هەر چەشنە سزایەکی لەسێدارەدان کە نیشاندەری زەوتکردنی مافی ژیان لە مرۆڤە، بەتوندی ڕادەگەینین. باوەڕمان وایە کە حکوومتی ئیسلامیی ئێران وەکوو حکوومەتە سەرەڕۆکانی دیکە، لەنێو دەچێ و لەسێدارەدان و سەرکوت ناتوانێ ڕەوتی خەباتی خەڵکانی ئێران کە بە نرخی قورسەوە ساڵانێکە لە ڕێگای ئازادی و بەرابەری و بۆ ژیانێکی مرۆڤانە هەوڵ دەکەن و خەبات دەکەن، بوەستێنێ.