کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی بواری ژنان و لایەنگرانی شۆڕشی ژینا، پشتیوانیی خۆیان لە ڕۆیا حێشمەتی دەربڕی

20:54 - 28 بەفرانبار 2723

٢٢ کەس له‌ چالاكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ، دادخوازان و لایەنگرانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی له‌ ڕاگه‌یەندراوێكی هاوبه‌شدا سه‌پاندنی حیجابی زۆره‌ملێ و لێدانی قامچی له‌لایه‌ن ڕێژیمی ئێرانه‌وه‌ دژی ڕۆیا حێشمەتییان مەحکووم كرد.

 

له‌ به‌شێكی ئه‌و ڕاگه‌یەندراوه‌دا هاتووه‌ ‌:

ڕۆیا حێشمه‌تی به‌ به‌رخۆدان له‌ به‌رانبه‌ر حیجابی زۆره‌ملێ و وتنه‌وه‌ی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی له کاتی لێدانی قامچییه‌كاندا خوێنێكی گه‌رمی خسته‌ ناو ده‌ماره‌كانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و نموونه‌یه‌ک لەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەی ڕۆچوونی شۆڕشی به‌شكۆی ژن، ژیان، ئازادیی لە ناخی ژینی ژنان و کۆمەڵگەدا نیشان دا.

گێڕانەوەی ڕۆیا لە لێدانی قامچییەکان بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، ڕێک لە ڕۆژێکدا بووە کە لە ڕۆژژمێری کۆماری ئیسلامیدا بە ناوی ژنەوە ناودێر کراوە؛ ئەم ڕۆژە لە ڕاستیدا دژایەتیی تەواوی لەگەڵ ئازادی و یەکسانیی ژنان هەیە، دژایەتی لەگەڵ ژنانێک کە لە بەرانبەر زاڵبوونی یاسا مەزهەبی و پیاوسالارانەکان و سەرکوت، ملکەچ نەبوون. خەباتێک کە لە جوانترین شێوەی خۆیدا، لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا خۆی نیشان دا.

 

ئێمە بەتوندی حیجابی زۆره‌ملێ، یاسا ئیسلامییەکان، و حوکمی قێزەونی قامچی لێدان مه‌حكووم دەکەین، کە دڕندەیی ڕێژیمی ئیسلامی نیشان ده‌دات، و سه‌ره‌ڕای ناردنی سڵاو بۆ ڕۆیا حێشمه‌تی، پشتیوانیی لێ ده‌كه‌ین و پێمان وایە ئەم ژنانە کە پێداگری لەسەر مافەکانیان دەکەنەوە و لەسەر کەرامەتی مرۆیی خۆیان پێداگری ده‌كه‌ن، نوێنەرایەتیی ملیۆنان ژن لە ئێراندا دەکەن كه‌ به‌ بێمافی و حیجابی زۆرەملێ و چەوساندنەوەی ژنان له‌ کۆمەڵگادا "نە"یان وتووه‌ و بەردەوامیش دەیڵێنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له به‌شی‌ كۆتایی ڕاگه‌ەیندراوه‌كه‌ هاتووه‌ كه‌: ئێمە واژۆکەرانی ئەم ڕاگه‌یندراوه‌ داوا له‌ ژنان، قوتابییان، خوێندكاران، مامۆستایان، کرێکاران، خانەنشینکراوان، و کۆمەڵگە دەکەین بۆ پشتیوانی له‌ ڕۆیا حێشمەتی و هەموو ئەو ژنانەی کە بە بوێری و ئازایەتی و خۆڕاگری و خه‌باتی به‌رده‌وام نه‌ک هەر ئاڵای ناڕەزایەتی له‌ كاتی گرتن و زیندانیکردن، دەستدرێژی و قامچی و ئەشکەنجەدان ناهێننه‌ خوارێ، بەڵکوو بڵێسەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە ڕوونی دەهێڵنەوە و بەڵێنی سەرکەوتن و ڕزگاری و ئایندەیەکی گەش دەدەن .

 

ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی بەفرانبار، سزای لێدانی ٧٤ قامچیی ڕۆیا حێشمەتی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران کە بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەرکرابوو، لە لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێ کرا.