کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنە پارێزەرێکی کورد سزای ٦ ساڵ و حەوت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

10:51 - 30 بەفرانبار 2723

گوڵاڵە وەتەندووست، پارێزەر و چالاکی بواری ژنان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، سزای ٦ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی"، بە تۆمەتەکانی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی دروستکردنی گرووپ و بەڕێوەبردنی  دەستە و گرووپ، کۆبوونەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە دژی نیزام و خراپ نیشاندانی دۆخ، سزای ٦ ساڵ و حەوت مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەر ئەم چالاکە کوردەدا سەپاندووە.

کۆتاییەکانی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٢، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم پارێزەرە لە لقی ناوبراودا، بەڕێوە چوو. دۆسییەی گوڵاڵە وەتەندووست پاش ناڕەزایەتیدەربڕین ڕادەستی دادگای پێداچوونەوە کراوە.

گوڵاڵە وەتەندووست، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا لە ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە دەسبەسەر و دواتر لە ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ دا بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

ڕۆژی ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ش، گوڵاڵە وەتەندووست بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی پێوەندیدار بە داکۆکی لە مافی ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بانگی ئیتلاعاتی مەریوان کرابوو و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.