کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانجی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان

23:14 - 30 بەفرانبار 2723

تەیموور مستەفایی

لە دوای دامەزرانی هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران لافی دۆساییەتی بە درۆ بە کوردی باشوور دەدا، بەڵام هیچکات لە پیلانگێڕی دژی ئەم هەرێمە نەوەستاوە و، سڵی نەکردووەتەوە کە دۆستە کوردەکانی باشووری کوردستان لە خۆی دەڕەنجێنێت و دڵیان دێشێنێ. کۆماری ئیسلامی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە ئیسڕائیلی دوویەم دەشوبهێنێت کە دوایین لێدوانی ڕەییسی سەرۆک کۆماری، کۆماری ئیسلامی کە پاش تەقینەوەکەی کرمان لە وەسفی قاسم سولەیماندا گوتبوی قاسم سلیمانی لە دروستبوونی ئیسڕائیلێکی دیکە لە ناوچەدا پێشگیری کرد دەرخەری ئەو ڕاستییەیە. هەمووان دەزانن مەبەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێفراندوم بۆ سەربەخۆیی لە ساڵی 2017 بوو. کۆماری ئیسلامی هەر ئەوکاتیش بەگەمارۆدانی کوردستان و هەڕەشە لە قەوارەی هەرێم بە کردەوە دوژمنایەتی خۆیان دژی کورد و مافە ڕەواکانی پیشان دا.

بێجگە لەوە ئامانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو هێرشانەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە چەند خاڵدا دەخەمە بەرچاو:

١- وەک لە چەند دێڕی پێشوودا ئاماژەم پێ کرد کۆماری ئیسلامی قەوارەی هەرێمی کوردستانی بە ئیسڕائیلی دوویەم دەزانێ و ئامانجی لاوازکردن و لە کۆتاییدا نەهێشتنی ئەم هەرێمەیە.

٢- دۆستایەتی کورد لەگەڵ هاوپەیمانەکان و هەڵویستی کورد و سوونی مەزهەبەکان سەبارەت بە پێویستی مانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق دژی سیاسەتی ئێرانە و بەم هەڵویستە زۆر قەڵس بووە.

٣ -هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا ناوچەیەکی ئەمن بوو و بەو هۆیەوە خەڵکی بیانی سەرمایەگوزارییان تێدا دەکرد، بە نائارامبوونی دەبێتە هۆی کشانەوەی ئەو کۆمپانیایانە کە لە هەرێمی کوردستاندا سەرمایەگوزارییان کردوە، لە ئاکامدا لاوازبوونی باری ئابووری هەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە کە ئامانجی ڕێژیمی ئێرانە.

٤- بە ناردنی پەیامێکە بۆ ئیسڕائیل و ئەمریکا کە ڕێژیمی ئێران چەکی دوورهاوێژ و بە قەولی خۆیان خاڵکوتیان هەیە و دەتوانن لە دژی ئەوانیش کەلکی لێ وەکرگرن و، هیچ ناوچەیەکیش لە هەرێمی کوردستان لاوازتر نییە بۆ ئەم مانۆڕ و تاقیکارییانە.

٥- پەیامێکە بۆ دەوڵەتانی ناوچە کە ئەمریکا ناتوانێ بیانپارێزێت و باشترە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕێک بکەون ئەمنیەتیان پارێزراو دەبێ.

 ستراتیژی ئەمریکا لە دەورانی ئۆباما و ئێستاش بایدێن دوورکەونتەوە لە شەڕ و هەوڵدانە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرۆک کۆمار بایدێنیش ئەوەندەی بایخ بەم ستراتیژییە داوە کە ئۆتۆریتەی ئەمریکای  لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران بردووەتە ژێر پرسیار و نەتەنیا هاوپەیمانەکانی بگرە خەڵکی ئەمریکاش لەم نەرمینواندنانەی لە ڕادەبەدەری بایدێن نیگەران و قەڵسن.

ئێرانیش ئەگەرچی ماکەی سەرەکی شەڕ و قەیرانخوڵقێنییە، بەڵام  تێوەگلان لە شەڕێکی تەواومانا لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە بەرژەوەندیی خۆیدا نابینێ و، تەنانەت لە هەڵایسانی شەڕێکی گەورە لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەترسێ. کۆماری ئیسلامی ستراتیژی ئەمریکا کە دژی شەڕە کردوەتە دەرفەت و بەهۆی گرووپە میلیشیاییەکانییەوە، هێرش بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و نائەمنکردنی ناوچەکە بە دەریای سوریشەوە کە 15٪بازرگانی جیهانی بەم ناوچەیەدا تێپەڕ دەبێ  کردوویەتە کارێکی ڕۆژانە و، ئامانجییەتی بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بڵێ کە ئێران هێزێکە کە دەبێ حیسابی بۆ بکەن .

ئەم وەزعە کە لە ناوچەکەدا پێک هاتووە ئەگەری بەربەرینتربوونی شەڕ و دەرچوونی کۆنتروڵ لە دەستی ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم شەڕە، واتە ئەمریکا و ئێران کەم نییە، بۆیە دەبێ چاوەڕوانی ڕووداوەکانی داهاتوو بین. لەم هەلومەرجە ئاڵۆزە ناوچەیی و جیهانییەدا هەر لایەن و دەوڵەتێک خەریکی خۆ ئامادەکردنن بۆ ئەگەری شەڕە. سوئید کە ساڵیانێکی دوورودرێژە  لە هیچ شەڕێکدا بەشداری نەکردوە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەم وەڵاتەوە داوا لە خەڵکەکەی دەکا بۆ ئەگەری ڕوودانی هەر شەڕێک ئامادە بن، کەوابێ ئێمەش دەبێ ئاگاداری ئەم وەزعە هەستیارە بین.

ئاکام

وەک لە چەند دێڕی پێشوودا ئاماژەم پێ کرد، ناوچە کە هەنگاوەکانی بەرەو شەڕ زیاترە تا بەرەو ئاشتی، لە جەمسەربەندی ئەگەری شەڕ لە ناوچەکەدا کۆماری ئیسلامی دەیەوێ گوشارەکانی بۆ سەر ئەو لایەنانە لە ناوچەکەدا کە بەتەواوی لەگەڵی هاوئاهەنگ نین زیاد بکات تا بەڵکوو لەگەڵی ڕێک بکەون. بێجگە لەوانەش باسمان کردن و دەتوانم چندین هۆکار و خاڵی دیکەشیان  لێ زیاد بکەم.

بۆ درێژنەبوونەوەی بابەتەکە دەمەوێ جەوهەری ئەم باسە کە هۆکار ی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستانە بڵێم:

 ئەو هێرشانە لەو باوەڕەی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوەی گرتوە کە هەرێمی کوردستان بە ئیسڕائیلی دوویەم دەزانێ و ئەمەیان سەدان بار هێناوەتە ئاراوە و نەیان شاردووەتەوە. قابیلە کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمی لەنێوبردنی ئیسڕائیلی هەڵگرتبێت و ئیزن بدات بە قەولی خۆیان ئیسڕائیلی دوویەم لە بناگوێیاندا دروست بێت. ئەم وەڵامە جەوهەریە کە و ئەو خاڵانەش کە پێشتر باس کران لە خزمەت ئەم ئامانجە دایە و کەس وەدوای هۆکاری لاوەکی دیکەدا نەگەڕێت.