کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ٣٤١ کۆڵبەر لە کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣دا

17:57 - 12 بەفرانبار 2723

ڕەوتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان، ڕووی لە زیادبوونەوە و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و هۆشداریدان بە کۆڵبەران، تەقەیان لێ دەکەن.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە بڵاوکردنەوەی ئامارێک باسی لە ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ساڵی ٢٠٢٣، لە سنوورەکانی کوردستاندا کردووە.

بەپێی ئەم ئامارە، بەگشتی ٣٤١ کۆڵبەر لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە کوژراون و بریندار کراون کە ٢٢ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

کوردپا بە جیاکردنەوەی ئامارەکە، ڕایگەیاندووە کە لەو ٣٤١ کەسە، ٣٢ کەسیان بە تەقەی هێزە چەکدارەکان کوژراون و ٣٠٧ کەسیشیان بریندار کراون و دوو کەسیشیان بێسەروشوێنن.

بەپێی شیکارییە ئامارییەکان، ٨٧ لەسەدی ئەم کۆڵبەرانە، کەوتوونەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە و کوژراون و بریندار کراون، ٤ لەسەدیشیان لە ئاکامی لێدان و توندوتیژیی هێزە نیزامییەکاندا بریندار کراون.

کوژران  وبرینداربوونی ٣.٥ لەسەدیان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و ١.٥ لەسەدیشیان بە هۆی تەقینەوەی مین بووە.

باقی حاڵەتەکانی سەرمابردوویی، ڕاوەستانی دڵ، بەربوونەوە لە بەرزایی و بێسەروشوێنبوون، هەر کامەیان ڕێژەیەکی کەمتر لە یەک لەسەدی ئەم ئامارە پێک دێنن.

ئامارەکەە نیشانی دەدات کە ٢٩٧ کەس لەم کۆڵبەرانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون و بریندار کراون.

ئەم ئامارە باس لەوە دەکات کە ٤٩ لەسەدی کۆڵبەران لە سنوورەکانی بانە، و ٣٢ لەسەدیان لە سنووری نەوسوود، بوونەتە قوربانی.

قەیرانی ئابووری، هەڵاوسان و کەمبوونەوەی توانایی خەڵک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆڵبەری لە کوردستانە.