کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ٧٨ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
دامەزرانی کۆماری کوردستان، نوقتەگۆڕانێکی گرینگی مێژووی سیاسیی کوردستان و کوردە. ئەم کۆمارە لەلایەک لە ئەنجامی گەشەی بیری سیاسی و بە دامەزراوەییکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی بنیاتێکی نیشتمانی هاتە کایەوە، لەلایەکی دیکەوە، بنیاتنانی ڕێبازێک بوو بۆ دواڕۆژی پرسی نەتەوەیی. سەرباری هەلومەرجی ناسک و ئەو دۆخەی کۆماری کوردستانی تێدا دامەزرا، ئەم کیانە نیشتمانییە، لە زۆر ڕووەوە جێی سەرنج و خوێندنەوەیە. ئەزموونی پڕ دەستکەوت بەڵام کورتماوەی کۆمار، دواتر بووە هەوێنی ڕوانگەیەکی کوردستانی کە لە بزووتنەوەی دێموکراتیک و نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی دیکەشدا ڕەنگی دایەوە. لە ڕوانگەیەکی گشتیدا، کۆماری کوردستان هەوێنی گەشەی بیری نەتەوەیی و بەها مرۆیی و دێموکراتیکەکانە کە لە مێژووی کوردستان و تەنانەت ناوچەکەدا کەموێنەیە.
دوای ۷٨ ساڵ لە دامەزرانی، کۆماری کوردستان ئێستاش بۆ ئێمەی کورد سەرمایەیەکی مێژوویی و سەرچەشنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و هاوکات نەتەوەییە کە لە یادەوەریی نەتەوەکەماندا بە زیندوویی ماوەتەوە.
سڵاو لە حیزبی دامەزرێنەر و بنیاتنەری کۆماری کوردستان، پیرۆز بێت یادی دامەزرانی کۆمار لە خەڵکی بەئەمەگی کوردستان.
مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی