کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەفرانباری ئەمساڵدا، لە هەر ڕۆژدا سێ کەس لە سێدارە دراون

16:51 - 2 رێبەندان 2723

هەواڵدەریی هێرانا، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ مانگی بەفرانبار، ڕایگەیاندووە کە لانیکەم ٩٠ کەس لەم مانگەدا لە سێدارە دراون و بە سەرنجدان بە حەشیمەتی ئێران، بەپێی ئەم ئامارە، ڕێژیم لە بواری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا پلەی یەکەمی هەیە.

بەپێی ئەم ئامارە، لە بەفرانباری ئەمساڵدا، لە هەر ڕۆژێکدا لانیکەم ٣ هاووڵاتی لە سێدارە دراون.

بە وتەی هێرانا، هەواڵی پێوەندیدار بە زیاتر لە ٧٥ لەسەی ئەم سزایانە لە ئێران، لەلایەن دەوڵەت و ناوەندە بەناو دادوەرییەکانەوە ڕاناگەیەندرێن و بە نهێنی دەمێننەوە.

بەپێی ئامارەکانی هێرانا، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ٧٩١ هاووڵاتی کە ٢٥ کەسیان ژن و ٢ کەسیان منداڵ بوون ، لە سێدارە دراون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ٣٣ لەسەد بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.

٧ کەس لەم بەندکراوانە، لە بەرچاوی خەڵکەوە لە سێدارە دراون.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێوونەتەوەییش بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لەوە کردووە کە لە یەکی ژانوییەی ٢٠١٢ـەوە هەتا ٣١ی ژوئیەی ٢٠٢٣، زیاتر لە ٥ هەزار کەس کە ٥٧ کەسیان منداڵ بوون، لە ئێراندا لە سێدارە دراون.

ڕێژیمی ئێران سزای لەسێدارەدان وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکوتی جیابیران بەکار دێنێت و ڕۆژانە و بە دوور لە چاوی میدیاکانەوە و بە بیانوگەلی جیاواز، سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکات.